شاسوار عەبدولواحید: بەشێک لە 17 خاڵەکە جێبەجێ نەکرێت، بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ناکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، ئەگەر بەشێک لە داواکارییە 17 خاڵییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، سبەی چوارشەممە بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ناکەن.
 
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29-3-2022 بڵاویکردووەتەوە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بڕیار بوو چەند رۆژێک دوای واژۆکردنی رێککەوتننامە 17 خاڵییەکەمان لانیکەم چەند خاڵێکیان جێبەجێبکرێن، بەتایبەت هەرزانکردنی بەنزین و لابردنی ئەو بارگرانیانەی لەسەرشانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو لایەنە عێراقییانە دەنگیان نییە؛ ئەگەر تاوەکو رۆژی چوارشەممە {30-3-2022} هیچ خاڵێکی رێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکرا، ئەوە ئێوە وەکو پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان مەبن."
 
شاسوار عەبدولواحید ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان "کوێرانە و وەکو شاگرد" دوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکەون بۆ بایکۆت و بۆ "پۆست و وەزارەتیش" دوای پارتی دیموکراتی کوردستان ناکەون.
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 30ی ئادار، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، بەڵام روون نییە رێژەی یاسایی ئامادە دەبێت یان وەکو کۆبوونەوەی پێشوو تەواو نابێت و کۆبوونەوەکە دوادەخرێت.
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە 10-10-2021 بەڕێوەچوو، لایەنە کوردستانییەکان 63 کورسیان بەدەستهێنا؛ لە کۆبوونەوەی رۆژی 26-3-2022ی پەرلەمانی عێراقدا 40 ئەندامی لایەنە کوردستانییەکان ئامادەی بەشداریکردن بوون؛ 31 پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان و 9 پەرلەمانتاری نەوەی نوێ.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا بە گشتی 202 پەرلەمانتار ئامادەبوون، بەڵام بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە 220 پەرلەمانتار لە 329 پەرلەمانتارەکە هەیە. 
 
لە بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆماردا، هەریەکە لە رێبەر ئەحمەد و بەرهەم ساڵح لە بەهێزترین بەربژێرەکانن، رێبەر ئەحمەد بەربژێری هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانە؛ بەرهەم ساڵحیش بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.