پەتاتەی قاچاخی ئێرانی بازاڕی پەتاتەی کوردستانی لە عەلوەکان لاواز کردووە

 
رووداو – هەولێر

پەتاتەی قاچاخی ئێرانی بازاڕی پەتاتەی کوردستانی لە عەلوەکان لاواز کردووە. مام کامەران پێنج ساڵە سەرجەم زەوییەکانی کردووەتە پەتاتە، ئێستاش 40 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر ئەو کاتەی کە دەبوو پەتاتە پێگەشتووەکانی هەڵبگرێتەوە و بیانفرۆشێت، بەڵام هێشتا پەتاتە پایزییەکانی لەژێر خاکدان، ئەوەش بەهۆی پارەنەکردن، لەگەڵ زۆربەی جووتیارەکانی بەردەڕەش پەتاتەکانیان هەڵنەگرتووەتەوە.
 
کامەران ئەمین، جووتیار دەڵێت، "بازاڕ نییە، لەبەرئەوەی بەرهەمی ئێرانی داخڵ دەکرا، کە بەرهەمی پەتاتەی ئێرانییش داخڵ کرا بەهای پەتاتەی ئێمە کەمبووەوە."
 
بەشێک لە جووتیارەکانی دیکەی سنوورەکە، کە زۆرینەیان پەتاتەیان چاندووە، بە ناچاری دوای زیاتر لە 40 رۆژ دەستیان کردووە بە هەڵگرتنەوەی بەشێک لە پەتاتەکان، لەبەر ئەوەی زۆرینەی پەتاتەکانیان خەریکە خراپ دەبن.
 
غازی ئەحمەد، جووتیار ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمی پاتەتەکەیان پارە ناکات لە بازاڕ، "کیلۆی 130 بۆ 140 دینار دەکات، ئەوە پارە نییە، کرێی هەڵکەندن و دەرهێنان، ئۆتۆمبێل، کارەبا و گاز بۆمان دەرناهێنێت بەو جۆرە. چاومان لە حکومەتە چارەیەکمان بۆ بکات، رێگەیەکمان بۆ بدۆزێتەوە، رێگە لە هاتنی پەتاتەی دەرەوە بگرێت تاوەکو پەتاتەی خۆمان هەڵگرینەوە."
 
تیمی رووداو چووە عەلوەکان تاوەکو بەدواداچوون بۆ بوونی پەتاتەی بەقاچاخ هاتوو بکات؛ لە عەلوەی هەولێر و سلێمانی بە ئاشکرا پەتاتەی ئێرانی بەقاچاخ هاتوو دەفرۆشرێت.
 
دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی گوت، "لە مەرزی فەرمییەوە داخڵ دەکرێت، هەمووی تەنسیقە، هەمووی بووەتە تەنسیق. وشەی قاچاخ ئێستا بووەتە تەنسیق، رۆژانە بۆ هەولێر 4 بۆ 5 بارهەڵگر دێت و نزیکەی 200 تۆن داخڵ دەکرێت، بۆ سلێمانی و عەلوەکانی دیکەش داخڵ دەکرێت."
 
سکاڵای جووتیارەکان لەلایەن تیمی رووداوەوە گەیێندرایە وەزارەتی کشتوکاڵ و بەرپرسانی وەزارەتەکە؛ ئەوان دەڵێن، وادەی داخستنی دەروازە فەرمییەکانیان بەڕووی پەتاتەی وڵاتانی دیکە درێژ کردووەتەوە و پلانیشیان هەیە بە یەکجاری پەتاتەی بیانی قەدەخە بکەن.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، تاک و تەرا هەندێک حاڵەتی نەشاز هەن، "راستی ئێمە وەکو وەزارەتێکی پۆلیسی نین خەڵک بگرین و بەدوای خەڵکەوە بین، هەندێک وەزارەتی دیکەی پەیوەندیداریش دەبێت هاوکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ بکەن، بەڵکو هاوکار بین."
 
هەرچەندە پەتاتەی خۆماڵی لە بازاڕەکان پارەی شایستە ناکات، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی داناوە کە بۆ ئەم ساڵ پەتاتەی کوردستان رەوانەی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقاش بکات.