قایمقامیەتی مەریوان: لە 10 رۆژی سەرەتای بەهاردا 419 هەزار گەشتیار سەردانی شارەکەیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

زرێبار رۆژانێکی قەرەباڵخ تێپەڕ دەکات؛ زۆر کەس بۆ بینینی دەریاچە جوانەکەی سەردانی مەریوان دەکەن؛ بەتایبەت لە پشووی وەکو نەورۆزدا، کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا باوە، خەڵک گەشتی بۆ دەکەن. بەشێکی زۆر لە گەشتیارانیش کوردن و لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونەتە مەریوان.
 
بەپێی راپۆرتی قایمقامیەتی مەریوان، لە 18 تاوەکو 28ی ئادار، 419 هەزار گەشتیار سەردانی ئەو شارەیان کردووە و 141 هەزار کەسیان لانیکەم شەوێک لە مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری ماونەتەوە.
 
گەشتیارانی ئەم ساڵی مەریوان زیاتر سەردانی بازاڕچەکانی فرۆشتنی کەلوپەلی بیانی، زرێبار و هەروەها گوندی دەرەتفێیان کردووە، کە بە شاری حاجی لەق لەقەکان ناسراوە.
 
بەهۆی زۆریی ژمارەی گەشتیارانەوە، قایمقامیەتی مەریوان داوا لە گەشتیاران دەکات، پێش ئەوەی بچنە شارەکە، لە دابینبوونی شوێنی مانەوەیان دڵنیا ببنەوە.
 
لە مەریوان جگە لە هۆتێل و ئەو ماڵانەی بە کرێ دەدرێن، چەندین قوتابخانە و شوێنی گشتیش بۆ مانەوەی گەشتیاران تەرخان کراوە.