کەسێک لە ئێران 35 ملیۆن دۆلاری خەڵک بەناوی کڕینی ئایفۆن بۆیان دەبات و دیارنامێنێت
رووداو دیجیتاڵ
شۆکی فێڵکردن و بردنی پارەی خەڵک لەلایەن کۆمپانیایەکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی ئایفۆن هێشتا بازاڕی مۆبایلی تارانی بەرنەداوە. لە نێوەڕاستەکانی زستانی رابردوو، خاوەنی کۆمپانیایەک بەناوی هاوردەکردنی مۆبایلی ئایفۆن 13 بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ، لانیکەم 35 ملیۆن دۆلار پارەی خەڵکی برد و ئێرانی جێهێشت؛ تاوەکو ئێستاش نە خۆی و نە پارەکە دیار نین.
مۆبایل فرۆشێک لە تاران دەڵێت، "سەرەتا هەندێک مۆبایلی بەو نرخە هاوردە کرد، کە بانگەشەی بۆ دەکرد و کەسانێکیش دەستیان بە بانگەشەکردن کرد بۆی. چەندجار مۆبایلی بەو نرخە فرۆشت تاوەکو متمانەی کڕیارانی راکێشا. پارەی لە خەڵک وەردەگرت و دوای مانگێک، دوو مانگ یان سێ مانگ، مۆبایلەکەی پێدەدان. ئەوە بووە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر پارەی پێبدەن و ناویان بنووسن، بەڵام لەپڕ دیارنەما."
بردنی پارەی هەزاران کەس، کڕیارانی مۆبایلی بە شێوازی پارەدانی پێشوەختە کەمکردووەتەوە، بەڵام بازاڕی ئایفۆنی کز نەکردووە، تەنانەت ئەو جۆرانەشی حکومەتی ئێران هاوردەکردنیانی قەدەخە کردووە، لە بازاڕەکاندا زۆرن و خواستیش لەسەریان کەم نییە.
بە گوتەی مۆبایل فرۆشێک لە تاران، "خواست لەسەر ئەو دوو مۆدێلە نوێیە زۆرە، سەرەڕای ئەوەی ریجیستێریش ناکرێن. بەڕاستی خواستی زۆریان لەسەرە، ئەگەر بتوانن کارێک بکەن کە بە یاسایی هاوردە بکرێن و ریجیستێر بکرێن، زۆر باش دەبێت، چونکە بەو جۆرەش خەڵک دەیانکڕن و بەکاریان دەهێنن."
حکومەتی ئێران هاوردەکردنی دوو جۆری ئایفۆن 14 و 15ی قەدەخە کردووە و ریجیستێریان ناکات. ئەنجوومەنی هاوردەکارانی مۆبایلی ئێران دەڵێت، هۆکاری ئەو بڕیارە ئەوەیە، ئەمریکا ئاستەنگی خستووەتە بەردەم هەناردەکردنی فەرش و پستەی ئێرانی.
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی ئێران رایگەیاندووە، فرۆشتنی ئەو دوو جۆرەی ئایفۆن لە دووکانەکانیشدا قەدەخەیە و لە هەر شوێنێک بیانبینن، دەستیان بەسەردا دەگرن.