داعش کاتی بەربانگ لە کەرکووک سەربازێکی سوپای عێراق دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە کاتی بەربانگ، چەکدارانی داعش هێرش دەکەنە سەر پێگەیەکی سوپای عێراق لە کەرکووک؛ بەهۆیەوە سەربازێک دەکوژرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، داعش هێرشیکردووەتە سەر فەوجی یەکەی لیوای 44ی سوپای عێراق لە سنووری دۆڵی شای لەنێوان کەرکووک - تکریت.
 
سەربازێکی سوپای عێراق لە فەوجی یەکەی لیوای 44 بە رووداوی راگەیاند، "یەک سەربازمان بە قەناس شەهید کراوە و بریندارمان نییە، ئەگەرچی هاوڕێکانم بەرپەرچیان داونەتەوە، بەڵام زیان بەر داعش نەکەوتووە و هەڵاتوون".
 
ئەو سەربازە لە ئەرکدا نەبوو و لە ماڵەوە پەیوەندی بە رووداو کرد و لە زاری هاوڕێکانیەوە زانیارییەکانی گەیاند.
 
ناوچەی دۆڵی شای، دەکەوێتە سنووری قەزای داقووق سەر بە پارێزگەی کەرکووک.
 
هەرچەندە نزیکەی شەش ساڵە تێکشکاندنی داعش بە فەرمی راگەیێندراوە و بەردەوام هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە کێوماڵی ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی دەکەن، بەڵام هێشتا ناوبەناو چەکدارانی داعش لەو سنوورانە هێرش دەکەن.