دەرگەى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەرگەى خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کردەوە، دەبێت لە 15 رۆژدا بەربژێرەکان ناوى خۆیان پێشکێش بکەن، ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاکەش دەڵێت: "بەربژێرەکە بە سازان و رێککەوتن یەکلادەکرێتەوە نەک دەنگدان." 
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە محەممەد جبوورى، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا ئاڕاستەى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاکەى کردووە، ئاماژەى بەوەداوە لەسەر بنەماى بڕیارێکى کارگێڕى کە لە 27ى ئادارى 2024 دەرکراوە، پێشنیازی کردووە بۆ ماوەى 15 رۆژ دەرگەى خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال لەو رۆژەوەى کە بانگەواز بۆ خۆبەربژێرکردنەکە دەکرێت. 
 
رۆژی 29ى ئادارى 2024، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى ئەهلى نەینەوا (یەکێتى) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال لە 28ى ئادار کراوەتەوە، لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگا وردبینى لە ناوى ئەو کەسانە دەکرێت، کە خۆیان بەربژێر دەکەن بۆ ئەو پۆستە، لیژنەکە دووانیان کوردن."
 
لە نووسراوەکەدا مەرجەکانى بەربژێرى قایمقامى شنگال دیاریکراوە، کە هەشت مەرجن، لەوانە: عێراقى بێت، تەمەنى 30 ساڵ و زیاتر بێت، بڕوانامەى زانکۆی هەبێت، لەکاتى خۆبەربژێرکردن ئەندامى هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان نەبێت، بە تاوانی شەرەف تاوانبار نەکرابێت، رێوشوێنەکانى ریشەکێشکردنى بەعس نەیگرتبێتەوە و خزمەتى فەرمیی کەمتر لە 10 ساڵ نەبێت.
 
یەکێک لە مەرجەکانى دیکەى خۆبەربژێرکردنەکە ئەوەیە، ئەو کەسە بە گوێرەى تۆمار بارى کەسێتى، خەڵکى قەزاى شنگال بێت، یان لانیکەم لە ماوەى 10 ساڵى رابردوودا دانیشتووى شارەکە بوبێت بەو مەرجەى مانەوەکەى بە ئامانجى گۆڕانکارى دیمۆگرافى شارەکە نەبووبێت.
 
محەممەد کاکەیی گوتی: "رێککەوتن کراوە ئەو کەسەى لە نێو ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى لەسەر دەدرێت، جێگەى رەزامەندیی سەرجەم لایەنەکان بێت و سازانى لەسەر بێت نەک بە دەنگدان لە ئەنجوومەنى پازێزگا یەکلا بکرێتەوە."
 
بەگوێرەى نووسراوێکى دیکە کە ئەحمەد یونس حاسود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە 27ى ئادارى 2024 دەریکردووە، لەسەر بنەماى کۆبوونەوەیەکى نێوان محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کە 4ى ئادار لە قەزاى شنگال کراوە، سەرۆکوەزیران داواى لە ئەنجوومەنى پارێزگا کردووە قایمقامى شنگال هەڵبژێرن. 
 
هەر لەو نووسراوەدا هاتووە کە لیژنەیەک لە پێنج ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا پێکهێندراوە بۆ کردنەوەى دەرگاى خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال و وەرگرتنى داواکارییەکانى خۆبەربژێرکردن و وردبینیکردنى.
 
لە دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017،  پۆستى قایمقامى قەزاى شنگال چۆڵ بووە کە یەکێکە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
 
لەساڵى 2020 رێککەوتنى شنگال لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومى فیدراڵى واژۆ کرا، یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنەکە دیاریکردنى قایمقامێکى نوێ بوو بۆ شارەکە.