هەفتەى داهاتوو دادگەى فیدراڵى تاوتوێى سکاڵایەک دەکات بۆ داخستنى کەمپەکانى هەرێمى کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دەکات بۆ ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە جێبەجێکردنى بڕیارێکى حکومەتى فیدراڵى بۆ داخستنى کەمپى ئاوارەکان تاوەکو 30ى حوزەیرانى 2024.
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، یەکشەممە، 31ى ئادارى 2024، ئەو دادگەیە یەکەم دانیشتن دەکات بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى داخستنى کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان تۆماری کردووە.
سکاڵاکە لەلایەن ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران تۆمارکراوە لە دژى هەریەک لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەزیرى ناوخۆ.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن بە جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 24007 ى ساڵى 2024ى ئەنجوومەنى وەزیران کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و داخستنى کەمپى ئاوارەکان.
ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 23ى کانوونى دووەمى 2024 دراوە، لەسەر بنەماى راسپاردەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دەرچووە، کە گرنگترین خاڵەکانى بریتین لە: دیاریکردنى 30ى حوزەیران بۆ داخستنى کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و گەڕانەوەى خۆیستانەى ئاوارەکان، هەروەها پێکهێنانى لێژنەیەک بەسەرۆکایەتى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران و بە بەشداریی نوێنەرانى وەزارەتى تەندروستى و پەروەردە و نوێنەرانى هەرێمى کورستان بۆ داخستنى کەمپەکان.
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 30ى تەممووزى دیاری کردووە وەک دوا وادە بۆ خەرجکردنى چوار ملیۆن دینار وەک هاوکارى دارایی بۆ ئەو ئاوارانەى لە هەرێمى کوردستانەوە دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان و لەدواى ئەو وادەیە ئەو بڕە پارەیەیان پێنادرێت.
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستاندا دەژین.