کەنەکە: دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێ و ئەنجامدەرانی هێرشی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزابدرێن


رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، لەنێویاندا ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هۆک دەکات و داوا دەکات، لێکۆڵینەوە بکرێ و تاوانباران سزای یاسایی بدرێن.
 
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: "نیگەرانین لەو هەموو هێرشی درۆن و مووشەکییەی بۆ سەر باشووری کوردستان دەکرێن و بە تووندی سەرکۆنەیان دەکەین".
 
دوێنێ لە یەکێک لە هێرشەکاندا ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک کرایە ئامانج. کەنەکە دەڵێت: "بەئامانجگرتنی شوێنێکی نیشتەجێبوونی بەڕێز سەرۆکی هەرێمـی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، بۆ مەبەستی شێواندنی ئاسایش و ئاژاوەنانەوە و دژی هەڵوێستی بێلایەنی هەرێمی کوردستانە".
 
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) 24ی ئایاری 1999 لە کۆنفرانسێکی گشتیدا بە ئامادەبوونی 700 نوێنەر و میوانی کورد و بیانی لە هۆڵەندا وەک دامەزراوەیەکی سیاسی راگەیێندرا. ئێستا جگە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەشێکی پارتەکانی هەرێمی کوردستانیش تێیدا ئەندامن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کەنەکە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات "بە خێرایی لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بە گشتی و بەئامانجگرتنی شوێنێکی نیشتەجێبوونی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت، لێکۆڵینەوە بکەن و دادپەروەرانە تاوانبار و بکەرانی بە سزای یاسایی بگەیێنن".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی کەنەکە:
 
بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان – باشوور
 
بۆ رای گشتی کوردستان
 
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – (ک ن ک)، نیگەرانین لەو هەموو هێرشی درۆن و مووشەکییانەی بۆ سەر باشووری کوردستان دەکرێن و بە تووندی ئیدانەیان دەکەین. ئەو هێرشانە گەیشتنە شاری دهۆک و شوێنێکی نیشتەجێبوونی بەڕێز سەرۆکی هەرێم[ی کوردستان] بەڕێز نێچیرڤان بارزانی‌ یان کردە ئامانج. ئەم کردارانە بۆ مەبەستی شێواندنی ئاسایش و ئاژاوەنانەوە و دژی هەڵوێستی بێلایەنیی هەرێمی کوردستانە لەم شەڕەی لە ئارادایە و لە هەمان کاتیشدا نانەوەی دووبەرەکی و شێواندنی بنەماکانی دیموکراسییە لە هەموو عێراق. بۆیە بانگەوازی هەموو هێزە ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی هەرێم[ـی کوردستان] و عێراقی فیدراڵ دەکەین، بە خێرایی لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بە گشتی و بە ئامانجگرتنی شوێنێکی نیشتەجێبوونی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لێکۆڵینەوە بکەن و دادپەروەرانە تاوانبار و بکەرانی بگەیێنن بە سزای یاسایی و رێ لەبەر ئەم هێرشانە بگرن"
 
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک
بڕۆکسل، 28-03-2026