د. عەلی قەرەداخی: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی سەقامگیری

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات و دەڵێت، "هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی سەقامگیری و کێشکردنی گەلی کوردستان بۆ نێو ئاگری شەڕێکی نەخوازراو."
 
د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە پەیامێکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم پەلامارە و ئەوانەی دیکەش کە بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی قەوارەی هەرێمی کوردستانە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا قەرەداخی داوا دەکات، "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە رێگری بکەن لەم پەرەسەندنە و سنوورێک بۆ ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دابنێن."
 
 
بەیانیی رۆژی شەممە 28-03-2026 چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر دهۆک، یەکێک لە هێرشەکان بۆسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەو شارە، ئەمەش ناڕەزایی تووندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان لێکەوتەوە.
 
ناڕەزاییەکان دژی هێرشەکە تادێ فراوانتر دەبن. جگە لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "قبووڵنەکراو" ناوی برد. هەروەها ئەمریکا، ئێران و تورکیایش لەسەر ئاستی باڵا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. کۆنسووڵخانەی رووسیاش لە هەولێر هێرشەکەی سەرکۆنە کرد.
 
هەروەها محەممەد بن زاید، سەرکی ئیماراتیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 28-03-2026 لە بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەشدار بوو و لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک رایگەیاند، بابەتەکە کەسی نییە و هێرشەکە "پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق بە شێوەیەکی گشتی."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە ماف بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق."