بابە شێخی ئێزدییان: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایشی گەلی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بابە شێخی ئێزیدییان رایگەیاند، هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، "دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی هەموو تاکێکی گەلی کوردستان."
لە بەیاننامەیەکدا شێخ عەلی شێخ ئەلیاس، بابە شێخی ئێزیدییان دەڵێت، "ئەم جۆرە کارە هەوڵێکی بێ ئومێدانەیە بۆ چاندنی فیتنە و گەرمکردنی ململانێکان و تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی کە هەرێمی کوردستان تێیدا دەژی."
بابە شێخی ئێزدییان نزای ئەوەش دەکات، "خوای گەورە گەلی کوردستان و عێراق بپارێزێت، نیعمەتی ئاسایش و ئاشتی بەردەوام بکات و جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە هەموو بەڵا و ناخۆشییەکان بپارێزێت."
دەقی بەیاننامەکەی شێخ عەلی شێخ ئەلیاس، بابە شێخی ئێزیدییان:
سەماحەتی بابەشێخ بە توندی ئیدانەی بەئامانجکردنی ماڵی جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکات.
سەماحەتی بابەشێخ، شێخ عەلی شێخ ئەلیاس، دڵگرانی خۆی و ئیدانەکردنێکی توندی دەربڕی سەبارەت بە بەئامانجکردنی ماڵی جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، و ئەم کارەی بە مەترسیدار وەسف کرد، کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج و هەڕەشەیە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە تەواوی ناوچەکەدا.
سەماحەتی بابەشێخ جەختی کردەوە، ئەم هێرشە تەنیا لە دژی کەسایەتیی سەرۆک نییە، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی هەموو تاکێکی گەلی کوردستان. هەروەها گوتیشی، جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە هەڵوێستە ئاشتیخوازەکانی ناسراوە، و بەردەوام هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و رۆڵی دیاری وەک پردی پەیوەندی لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی عێراقی و ناوچەکەدا هەبووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەم جۆرە کارە هەوڵێکی بێ ئومێدانەیە بۆ چاندنی فیتنە و گەرمکردنی ململانێکان و تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی کە هەرێم تێیدا دەژی، و بە توندی هەموو ئەو کارانەی ڕەت کردەوە کە ئاسایشی گشتی تێک دەدەن یان پێکەوەژیان تێک دەدەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، سەماحەتی بابەشێخ دوعای کرد کە خوای گەورە گەلی کوردستان و عێراق بپارێزێت، و نیعمەتی ئاسایش و ئاشتی بەردەوام بکات، و جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە هەموو بەڵا و ناخۆشییەکان بپارێزێت.
سەماحەتی بابەشێخ
شێخ عەلی شێخ ئەلیاس
29-03-2026