عەبادی بۆ نێچیرڤان بارزانی: هێرشکردنە سەر ماڵتان هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی عێراق


رووداو دیجیتاڵ 

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لە پەیامێکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵەکەی لە دهۆک دەکات و دەڵێ، ئەمە "دەستدرێژییەکی مەترسیدارە" و ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی وڵاتە.
 
رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە پەیامێکدا کە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەواڵی بەئامانجگرتنی ماڵەکەی بە "نیگەرانی و سەرکۆنەیەکی زۆرەوە" پێگەیشتووە.
 
عەبادی لە نامەکەیدا دەڵێت: "ئەم کارە تەنیا وەک دەستدرێژییەکی مەترسیدار لێکدەدرێتەوە کە دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەبات و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات؛" هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هێرشە "ئەو سیمبوولە نیشتمانییانە دەکاتە ئامانج کە رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە چەسپاندنی لێکتێگەیشتن لەنێوان پێکهاتەکان."
 
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەکەی دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ئەم جۆرە کارانە "هیچ پەیوەندییەکیان بە بەهای کاری سیاسی یان گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە نییە، بەڵکو تەنیا هەوڵێکە بۆ شێواندنی دۆخی گشتی."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، عەبادی داوای "تەبایی و سەرخستنی زمانی گفتوگۆ و کاری هاوبەش" دەکات بۆ پاراستنی عێراق لە هەر هەڕەشەیەک؛ هاوکات داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە "لێکۆڵینەوەیەکی خێرا" بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەو رووداوە بکەن و ئەنجامدەرانی بەپێی یاسا سزا بدرێن.
 
رۆژی شەممە، 28ی ئاداری 2026، لە رێگەی درۆنەوە هێرش کرایە سەر سنووری پارێزگای دهۆک و یەکێک لە درۆنەکان ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج. 
 
دەقی پەیامەکەی حەیدەر عەبادی 
 
برای ئازیزم جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق
هەواڵی بەئامانجگرتنی ماڵتانم بەم کارە سەرکۆنەکراوە بەوپەڕی نیگەرانی و سەرکۆنەکردنە پێگەیشت، کە ناتوانرێ لێکبدرێتەوە تەنیا وەک دەستدرێژییەکی مەترسیدار نەبێت کە دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەبات، هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات و ئەو سیمبوولە نیشتمانییانە دەکاتە ئامانج کە رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە چەسپاندنی لێکتێگەیشتن لەنێوان رۆڵەکانی نیشتمان.
هاوسۆزیی تەواوی خۆم بۆ خۆتان و بنەماڵە بەڕێزەکەتان رادەگەیەنم و جەخت دەکەمەوە کە ئەم جۆرە کارانە بە تەواوی رەتکراوەن و هیچ پەیوەندییەکیان بە بەهاکانی کاری سیاسی یان گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە نییە، بەڵکو هەوڵێکن بۆ تێکدانی سەقامگیری و شێواندنی دۆخی گشتی.
ئێمە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە تەبایی و سەرخستنی زمانی گفتوگۆ و کاری هاوبەشە بۆ پاراستنی عێراق لە هەر شتێک کە ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و یەکپارچەییەکەی. هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم لێکۆڵینەوەیەکی خێرا بکەن بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەم رووداوە و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بەپێی یاسا.
براتان
د.حەیدەر عەبادی
29ی ئاداری 2026