ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی پەیوەندیی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و رایگەیاند، "بە تووندی" سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە کرایە سەر ماڵەکەی لە دهۆک.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-03-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبییەوە پێگەیشت.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەرۆکی پەیوەندییەکەوە دەڵێت، لە پەیوەندییەکەدا ئەحمەد ئەبولغەیت "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد دوێنێ کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها پشتگیریی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە."
 
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی ئەحمەد ئەبولغەیت و هەڵوێستی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیی کرد بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامیان له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌ بوو.
 
کاردانەوەکانی هێرشی سەر ماڵی نێچێرڤان بارزانی
 
بەیانیی رۆژی شەممە 28-03-2026 چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر دهۆک، یەکێک لە هێرشەکان بۆسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەو شارە، ئەمەش ناڕەزایی تووندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان لێکەوتەوە.
 
ناڕەزاییەکان دژی هێرشەکە تادێ فراوانتر دەبن. جگە لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "قبووڵنەکراو" ناوی برد. هەروەها ئەمریکا، ئێران، تورکیا و قەتەریش لەسەر ئاستی باڵا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. هەریەکە لە کۆنسووڵخانەکانی بەریتانیا و رووسیاش لە هەولێر هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد.
 
هەروەها محەممەد بن زاید، سەرکی ئیماراتیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 28-03-2026 لە بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەشدار بوو و لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک رایگەیاند، بابەتەکە کەسی نییە و هێرشەکە "پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق بە شێوەیەکی گشتی."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە ماف بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق."