شای ئوردن سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات: پشتگیریی سەقامگیریی کوردستان دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

شای ئوردن لە نامەیەکدا پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە لە سنووری سۆران. هاوکات 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچێرڤان بارزانی لە دهۆکیش دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-03-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامه‌يه‌كى لە شا عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حوسێن، شای شانشینی ئوردنی هاشمییەوە پێگەیشت.
 
لە نامه‌كه‌يدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شای ئوردن پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى خۆى و شانشينى ئوردنى پێشكێش به‌ نێچيرڤان بارزانى، بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكارى شه‌هيدانى هێرشه‌ درۆنييه‌كه‌ى 24ى ئه‌م مانگه‌ى سه‌ر سۆران كرد و هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ى بۆ برينداران خواست.
 
هەروەها شای ئوردن "بە تووندی" سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە دوێنێ ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک به‌ ئامانج گرت، جه‌ختى لە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق کردەوە.
 
کاردانەوەکانی هێرشی سەر ماڵی نێچێرڤان بارزانی
 
بەیانیی رۆژی شەممە 28-03-2026 چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر دهۆک، یەکێک لە هێرشەکان بۆسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەو شارە، ئەمەش ناڕەزایی تووندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان لێکەوتەوە.
 
ناڕەزاییەکان دژی هێرشەکە تادێ فراوانتر دەبن. جگە لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "قبووڵنەکراو" ناوی برد. هەروەها ئەمریکا، ئێران، تورکیا و قەتەریش لەسەر ئاستی باڵا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. هەریەکە لە کۆنسووڵخانەکانی بەریتانیا و رووسیاش لە هەولێر هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد.
 
هەروەها هەریەکە لە محەممەد بن زاید، سەرکی ئیمارات و ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 28-03-2026 لە بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەشدار بوو و لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک رایگەیاند، بابەتەکە کەسی نییە و هێرشەکە "پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق بە شێوەیەکی گشتی."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە ماف بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق."