پێشبینی دەکرێ سبەی باران ببارێت؛ ئەم وەرزە چەند باران باریوە؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین لە ناوچە جیاکان بەردەوام بێ. کەشناسی هەروەها ئاماری ئەم وەرزی بارینی لە سەنتەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆرترین بڕ لە رانیە باریوە کە زیاترە لە هەزار ملیمەتر.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەم وەرزەی بارین لە سەنتەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بارانبارین بەمشێوەیە بووە:
شاری هەولێر 625.2 ملیمەتر - سلێمانی 904.9 ملیمەتر - دهۆک 713.2 ملیمەتر - هەڵەبجە 913.6 ملیمەتر - سۆران 818.8 ملیمەتر - زاخۆ 809.8 ملیمەتر – راپەڕین (رانیە) 1029.5 ملیمەتر - گەرمیان (کەلار)  487.9 ملیمەتر.
 
هەروەها کەشناسیی کەرکووک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم وەرزەی بارین 360 ملیمەتر باران لە کەرکووک باریوە".
 
کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی
 
کەشناسی رایگەیاند: "لەدوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممەوە پێشبینی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرێ، دواتر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان، کاریگەرییەکەی لەسەر پارێزگای دهۆک و ئیدارەکانی زاخۆ، سۆران و بەشێک لە راپەڕین و بەشێک لە سنووری باکووری پارێزگای هەولێر زیاتر دەبێ و هەندێک کات بارانی مامناوەندیان لێ دەبارێ".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەرەبەیان کاریگەریی بارانبارین زیاتر دەبێ، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ و راپەڕین؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی لە زۆرینەی ناوچەکان ئەگەری نمەباران هەیە و پێشبینیش دەکرێ، لە ناوچە شاخاوییەکان تەرزە ببارێ.
 
کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما "کەمێک" دادەبەزێ و بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 14 پلەی سیلیزی 
پیرمام؛ 10 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 11 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران؛ 5 پلەی سیلیزی 
سلێمانی؛ 12 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ؛ 13 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 11 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 12 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە؛ 14 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 17 پلەی سیلیزی