کاژێر 8:00ـی ئەمشەو بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی خوێندن دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن دەدەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئارام محەممەد  قادر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو کاژێر 8:00 ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات.
 
ئارام محەممەد قادر گوتی: ئێمە بڕیارمانداوە دەست بە خوێندن بکەینەوە، بەڵام ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن دەدات.
 
رۆژی هەینی، 27ی ئاداری 2026، وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی وردەکاریی دەستپێکردنەوەی دەوام ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتی رایانگەیاند: "رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، دەوام دەستپێدەکاتەوە. بەڵام دواتر بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، رۆژێک پشوویان راگەیاند.