سعودیە سەرکۆنەى هێرشەکانى سەر بارەگاى بارزانی و ماڵى نێچیرڤان بارزانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر بارەگاى بارزانی و ماڵى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانی کرد.
رۆژی یەکشەممە، 29ـى ئادارى 2026، وەزارەتى دەرەوەى سعودیە لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر بارەگای سەرۆک بارزانی و ماڵى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانى کرد.
وەزارەتى دەرەوەى سعودیە رایگەیاند، "سەرکۆنەى هەموو ئەو هێرشانە دەکەین، کە هەرێمی کوردستان بەئامانج دەگرن".
رۆژی شەممە، 28ی ئاداری 2026، بە درۆن هێرش کرایە سەر سنووری پارێزگای دهۆک و یەکێک لە درۆنەکان ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، بەڵام زیانی نەبوو.
وەزارەتى دەرەوەى سعودیە ئاماژەی بەوەکرد: "هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق رەتدەکەینەوە و هاوسۆزی عێراق و هەرێمی کوردستانین و پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیرییان دەکەین."