باڵیۆزخانەی ئەمریکا: ئێران دەیەوێ هێرش بکاتە سەر زانکۆ ئەمریکییەکان لە بەغدا، سلێمانی و دهۆک


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی تووندی ئەمنی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، ئێران و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی دەیانەوێت زانکۆ ئەمریکییەکان لە بەغدا، سلێمانی و دهۆک بکەنە ئامانج. باڵیۆزخانەکە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن.
 
رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی هاوپەیمانی، رەنگە نیازیان هەبێت زانکۆ ئەمریکییەکان لە بەغدا، سلێمانی و دهۆک بکەنە ئامانج، لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی دیکەش کە پێیان وایە پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئێران بە دیاریکراوی هەڕەشەی لە زانکۆ ئەمریکییەکان کردووە لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
باڵیۆزخانەکە دەڵێت: "ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی، هێرشی بەرفراوانیان کردووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە لە سەرانسەری عێراق، لەنێویاندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها دامەزراوە عێراقییەکان و ئامانجە سڤیلەکان."
 
ئەمریکا رەخنە لە بەغدا دەگرێت و لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "حکومەتی عێراق رێگری لە هێرشە تیرۆریستییەکانی نێو خاکەکەی نەکردووە کە دەکرێنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ناوچەکە." بەم هۆیەوە داوا دەکات: "دەبێت هاووڵاتیانی ئەمریکا ئێستا عێراق جێبهێڵن."
 
سەبارەت بە سەردانیکردنی ناوەندە دیپلۆماسییەکانیش، باڵیۆزخانەکە هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی و دەڵێت: "هەوڵ مەدەن بێنە باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر، ئەمەش لەبەر ئەو مەترسییە بەردەوامانەی بەهۆی مووشەک، درۆن و رۆکێتەکان لە ئاسمانی عێراقدا هەن."
 
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە نێردەی ئەمریکا لە عێراق کراوە دەبێت بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانیان بۆ دەرچوون و جێهێشتنی وڵاتەکە، هاوکات زانیارییەکان سەبارەت بە گەشتکردن بەرەو ئوردن نوێ کراونەتەوە.