لە 24 کاژێردا 37 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر و دهۆک کراون
رووداو دیجیتاڵ
لە یەک مانگی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەپۆلی هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بووەتەوە، کە چڕترین هێرشیان لە 24 کاژێری رابردوو بووە و زۆرترینیان بۆ سەر شاری هەولێر بووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کاژێر 12ـی نیوەڕۆی رۆژی شەممە، 28-3-2026، تاوەکو کاژێر 12ـی ئەمڕۆ یەکشەممە، 37 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون.
لەوانە، 27یان ئاراستەی پارێزگای هەولێر و 10 شیان ئاراستەی پارێزگای دهۆک کراون، تەنیا یەک درۆن نەبێت زیانی هەبووە، ئەوانی دیکەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی پاتریۆت و سیرام یان هێزە ئەمنی و سەربازییەکان تەقێندراونەتەوە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی رووداو کردوویەتی، لەو هێرشانەی کراونەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر، 24یان بە درۆن بووە و سێشیان بە مووشەک بووە، کە سەرجەمییان لەلایەن سیستمەکانی بەرگرییەوە تێکشکێندراون و رێگرییان لێکراوە.
هاوکات، پارێزگای دهۆکیش کە پێشتر کەمترین هێرشی کرابووە سەر، رووبەڕووی زۆرترین هێرش بووەوە، کە 10 درۆن بوون، بەڵام تەنیا یەک درۆن زیانی مادیی هەبووە، ئەوانی دیکە خراونەتە خوارەوە.
لەو 10 درۆنەی ئاراستەی سنووری پارێزگای دهۆک کراون، چواریان ئاراستەی سەنتەری شارەکە، دوویان ئاراستەی سحێلای سەر بە زاخۆ، سێ لە چیای باشیک و یەکێکیش لە سەنتەری قەزای شێخان خراونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە بە 496 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
لەو ماوەیەدا 385 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 94 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ هەروەها 15 درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 88 کەسیش بریندار بوون.