سەندیکا و رێکخراوەکانی کوردستان: لیژنە و سەرکۆنەکردن چارەسەری هێرشەکان نین


رووداو دیجیتاڵ

سەندیکا، یەکێتی و رێکخراوەکانی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن: "لیژنە و پەیامی هاوخەمی و سەرکۆنەکردن چارەسەری کردەیی نین" و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن سزای یاسایی گرووپە لەیاسا دەرچووەکان بدات.
 
رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، سەندیکا، یەکێتی و رێکخراوەکانی کوردستان، راگەیێندراوێکیان بۆ رای گشتی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان خوێندەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە تووندی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بە ئامانجگرتنی بارەگای بارزانی، ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە، کە شەهید و برینداری لێکەوتەوە، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین."
 
سەندیکا و رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هێرشانە "پێشهاتی مەترسیدارن بۆ دۆخی ئارامی و سەقامگیری"، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی بووە بۆ ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ و لە کێشەکاندا بێلایەن بووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کراوە چارەسەرێکی "بەپەلە و جیدی" بۆ رێگریکردن لە گرووپە لەیاسا دەرچووەکان بدۆزێتەوە.
 
سەندیکاکان رەخنە لە شێوازی مامەڵەکردنی بەغدا دەگرن و دەڵێن: "بەردەوامبوونی هێرشەکان نیشانەی ئەوەیە نییەتێکی جیدی لای حکومەتی عێراق نییە. ئەزموونی ساڵانی رابردوو سەلماندی لیژنە و لیژنەکاری، پەیامی هاوخەمی، تەلەفۆنکردن و سەرکۆنەکردن، چارەسەری کردەیی نین بۆ دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بن بۆ رێگریکردن و کۆتایهێنان بەم "هێرشە ناڕەوایانە" و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
 
رۆژی 28ی ئاداری 2026، سێ هێرشی درۆنی کرایە سەر شاری دهۆک. یەکێک لە هێرشەکان کاژێر 11:00ی بەیانی کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک.
 
هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و زۆرینەی لایەنە کوردستانی و نێودەوڵەتییەکان بە پەرەسەندنێکی مەترسیداریان وەسف کرد و ئیدانەیان کرد.