وەزارەتی ناوخۆ: هەندێک سەرچاوە زانیاریی نادروست لەبارەی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان بڵاودەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "هەندێک سەرچاوە زانیاریی نادروست دەربارەی باری ئەمنیی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە، بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو هاووڵاتییان بڵاودەکەنەوە."
وەزارەتەکەدا ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، "تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری لەو بارەیەوە وەربگرن و نەکەونە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی نەیارانەوە."
هەروەها داواشی لە کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە، بەبێ وردبینی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، زانیاریی نادروست بڵاونەکەنەوە.
دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان:
بە هۆی ئەو بارودۆخەی لە ناوچەکە و عێراق هەیە، هەندێک سەرچاوە زانیاریی نادروست دەربارەی باری ئەمنی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو هاووڵاتیان بڵاودەکەنەوە. ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەین کە تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری لەم بارەیەوە وەربگرن و نەکەونە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی نەیارانەوە.
هەروەها داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین بە وریایی مامەڵە لەگەڵ هەر هەواڵ و زانیارییەک بکەن کە پەیوەندیی بە ئاسایشی هاووڵاتیان هەبێت و بێ وردبینی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، زانیاریی نادروست بڵاونەکەنەوە.