هێرشکرایە سەر بروجێردی لوڕستان
رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا هێرشەکانی سەر چەند ناوچەیەکی لوڕستان بەردەوام بوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران کوژراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29-03-2026، جارێکی دیکە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرش کرایە سەر چەند ناوچەیەک لە شاری بروجێردی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان و باڵەخانەیەکیش ''ئامانجدار'' بۆردوومان کرا.
لە ئەنجامی هێرشەکانی دوێنێ شەویش، بەپێی راگەیێندراوی دەزگای کاروباری کوژراو و بریندارانی شەڕ لە پارێزگای لوڕستان، 9 کەس کوژراون، پێنج لە کوژراوەکان پیاون و چواریشیان ژن و منداڵن. ئەو دامەزراوەیە دەڵێت، هەموو کوژراوەکان خەڵکی سڤیلن.
ئەو کەسەی لە بروجێرد ''ئامانجدار'' هێرشی کراوەتە سەر، کراوەتە ئامانج ناوی (عەلی فولادوەند)ە و لەگەڵ چەند کەسی دیکە، لەنێویاندا کوڕ و کچەکەی، کوژراوە.
هیچ زانیارییەک لەبارەی کاری عەلی فولادوەند بەردەست نییە، بەڵام دەزانرێت کە بەرپرسێکی سوپای پاسدارانە و لە هێرشی ساڵی رابردووشدا، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شوێنی مانەوەی و ئەوکات هاوژینەکەی کوژرا.