رووسیا: زۆر نیگەرانین لە هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک


رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵگەریی رووسیا لە هەولێر "نیگەرانیی قووڵ"ی خۆی لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت، داوا لە "هەموو لایەنەکان"یش دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە جیاوازییەکانیان نەهێڵن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29-03-2026 کۆنسووڵگەریی رووسیا لە هەولێر بە رووداوی گوت، "کۆنسووڵگەریی گشتیی رووسیا لە هەولێر نیگەرانیی قووڵی خۆی دەردەبڕێت لە هێرشە مووشەکی و درۆنییە بەردەوامەکان بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق، کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک پێشمەرگە و بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی، لەوانەش ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان."

کۆنسووڵگەری رووسیا دەڵێت، "ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی هەر کارێک دەکەین کە ببێتەهۆی زیادبوونی گرژییەکان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی عێراق هەبێت. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و لە رێگە سیاسی و دیپلۆماسییەوە جیاوازییەکانیان نەهێڵن."

کۆنسووڵگەری رووسیا دەڵێت، "سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانییەکان دەکەین و هیوای زوو سەقامگیربوونەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان دەخوازین."
 
بەیانیی رۆژی شەممە 28-03-2026 چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر دهۆک، یەکێک لە هێرشەکان بۆسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەو شارە، ئەمەش ناڕەزایی تووندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان لێکەوتەوە.
 
ناڕەزاییەکان دژی هێرشەکە تادێ فراوانتر دەبن. جگە لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "قبووڵنەکراو" ناوی برد. هەروەها ئەمریکا، ئێران و تورکیایش لەسەر ئاستی باڵا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
 
هەروەها محەممەد بن زاید، سەرکی ئیماراتیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 28-03-2026 لە بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەشدار بوو و لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لە دهۆک رایگەیاند، بابەتەکە کەسی نییە و هێرشەکە "پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق بە شێوەیەکی گشتی."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە ماف بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق."