گەنجێک لە خانەی بێسەرپەرشتانەوە دەیەوێت ببێتە دەرمانساز و هاوکاری خەڵک بکات


رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان سێ خانەی بێسەرپەرشتان بۆ ئەو منداڵانە تەرخانکراون کە بەهۆکاری جیاواز سەرپەرشتیان نییە. ئێستا لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر زیاتر لە 50 منداڵ و مێرمنداڵ دەژین. بەپێی یاسا ئەوانەی لە خانەکانی نەوجەوانانن، دەبێ دوای 19 ساڵی بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە، بەڵام ئەو منداڵانەی کە دەخوێنن دەتوانن تا تەواوکردنی خوێندن لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و درێژە بە خوێندن بدەن.
 
یەکێک لە بێسەرپەرشتان کە ناوی خوازراوی محەممەدی بۆ خۆی هەڵبژاردووە تەمەنی 19 ساڵە، بەهۆی کۆچی دوایی باوکی و دووبارە پێکهێنانەوەی ژیانی هاوژینی لەلایەن دایکییەوە، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە، کەوتووەتە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر.
 
محەممەد دەڵێت، "لە تەمەنی سێ ساڵییەوە لێرەم، هەر چاوم بە دونیا هەڵهێنا لێرە بووم و ماڵەوەم هیچ لەبیر نییە". 
 
محەممەد دوو ساڵ درەنگتر چووەتە قوتابخانە، ئێستا پۆلی 11ـی بنەڕەتییە و یەکێکە لە قوتابییە زیرەکەکانی قوتابخانەکەی، ئامانجیەتی کۆلێژی دەرمانسازی تەواوبکات و پەڕەیەکی نوێ لە ژیانی هەڵبداتەوە.
 
ئەو دەڵێت، "ئەگەر خوای گەورە ویستی لەسەربێت دەمەوێت ببمە دەرمانساز، پەنا بەخوا لە داهاتوودا دەمەوێ هاوکاریی خەڵک بکەم، هەر وەک ئەوەی هاوکاری کراوم، پەنا بەخوا لەدوای خوێندن و دۆزینەوەی کار، دەمەوێت ژیانی هاوژینی پێکبهێنم".
 
زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، "هیچ منداڵێکمان لە پشت دەرگە فڕێنەداوە و کارمان بۆ کردوون، بە هەر شێوازێک بێت دوای ئێرە کارمان بۆ دۆزینەوە، لەرێگەی خێرخوازانەوە هاوکاری کراون و شوێنمان بۆ دابین کردوون، هەیە ژنی هێناوە، کچە مێردی کردووە، چاومان لێیان بووە و بەشێکیان لەلایەن حکومەتەوە دامەزراون".