هونەرمەند هادی مەحموود کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەند هادی مەحموود، ناسراو بە (حەمە تاڵ)، بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییکرد. 
 
مەهدی مەحموود، برای هونەرمەندە کۆچکردووەکە لەبەردەم دادپزیشکیی سلێمانیدا بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی گوت، "لە جەژنی رەمەزاندا براکەم کەوتبوو، دواتر جەڵتە لێی دابوو و نەخۆشبوو." 
 
هادی مەحموود دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەرگرتووە، دواتر بۆ ماڵی خۆیان گواستراوەتەوە و لەوێ چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام شەوی شەممە 29-04-2023 جارێکی دیکە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و لەوێ کۆچی دواییکردووە. مەهدی مەحموود گوتی: پێنج کاژێر پێش گیانلەدەستدانی براکەم جەڵتە لێی دابوو. 
 

 

 

بەیانیی رۆژی یەکشەممە، تەرمی هونەرمەندەکە بەخاک دەسپێردرێت. هەروەها پرسەی هادی مەحموود، وەک براکەی دەڵێت، لە شاری سلێمانی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی دەبێت.  
 
مەهدی مەحموود باسی دوایین دیداری خۆی و براکەی کرد کە هونەرمەندەکە گوتوویەتی، "تەوبە بێت لە هەموو شتێک، نوێژ و عیبادەت دەکەم."