وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ گەرەنتیکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە بەغداوە هەنگاو دەنێت

رووداو دیجیتاڵ

شاندێکى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزيرانى بازرگانی و کشتوکاڵى عێراق کۆدەبنەوە. گەرەنتیکردنى وەرگرتنى گەنمى جووتیاران سەرەکیترین پرسى کۆبوونەوەکەیە کە بە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن مەزەندە کراوە. 
 
کۆبوونەوەکە سێشەممە 30ـی نیسان دەکرێت، شاندەکەى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیی بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو دەبێت و لەگەڵ ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی و عەباس عەلیاوەیى، وەزیرى کشتوکاڵى عێراق کۆدەبنەوە.
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان کە لەو شاندە بەشدارە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکە، لە سەرووى هەموویانەوە شایستەى دارایی گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان، تاوەکو گەرەنتیی وەرگرتنى ئەو شایستەیە بکرێت و کێشەى ساڵانى پێشوو دووبارە نەبێتەوە." 
 
ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق 850 هەزار دینارى دیاریکردووە بۆ یەک تۆن گەنمى ئەمساڵ. بەرهەمى ئەو گەنمانەش وەردەگرێت کە لە دەرەوەى پلانى کشوکاڵى بوون. رزگار حەمەد خدر گوتى بەڵگە و زانیارى دەدەنە بەغدا لەبارەى زەویی چێندراو بە گەنم و "پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمى کوردستان بەرهەم بهێندرێت." 
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کشتوکاڵ، نزیکەى سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمى کوردستان بە دانەوێڵە چێندراوە، زۆرینەى بۆ گەنم بووە، بەغدا لیژنەیەکى بۆ پشکنینى ئەو پرسە ناردووە.
 
راوێژکارەکەى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوە دا؛ لیژنەکە چەند رۆژێک ماونەتەوە و سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە بۆ پشکنینى زەوییە چێندراوەکان بە گەنم.
 
بەگوێرەى پێشبینیی وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، ئەم ساڵ زیاتر لە شەش ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمدەهێندرێت.
 
بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان بە رووداوی گوت "ستەم لە جوتیاران" دەکرێت و بۆ دیاریکردنى ئەو بڕى گەنمەى لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت، لەگەڵ دوو وەزیرەکەى حکومەتى فیدراڵى کۆدەبنەوە.