لە خورماتوو ژن و پیاوێک دەکوژرێن
رووداو دیجیتاڵ
تەرمى ژن و پیاوێک لە قەزاى خورماتوو دۆزرانەوە، کە شوێنی گوللـە بە جەستەیانەوە هەبووە، کوڕى پیاوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، کە لە سەرچاوەیەکى ئەمنیى پارێزگاى سەلاحەدین دەستى کەوتووە، تەرمى ئەو ژن و پیاوە، بەیانى رۆژی سێشەممە، 29ى نیسانى 2025، لە گوندى ئەلبوسەباح لە قەزاى خورماتوو، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن دۆزراونەتەوە.
ئەو ژن و پیاوە کە خەڵکى پارێزگای دیالەن، کە وەک جووتیار لە گوندەکە کاریان کردووە، شوێنی گوللـە بە جەستەیانەوە دیار بووە.
سەرچاوەکەى رووداو لە پارێزگاى سەلاحەدین گوتى: "ژن و پیاوەکە تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵانە، تەرمەکانیان براونەتە دادپزیشکیى خوورماتوو" .
پۆلیسی خورماتوو لێکۆڵینەوەى لەسەر ئەو رووداوە دەستپێکردووە و بە گوێرەى زانیارییەکان کوڕێکى پیاوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.