جووتیارانی سەرگەڕان: 910 دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە و سوپا 30 هەزار دۆنمی قەدەخە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
کێشەی جووتیارانی پێنج گوندی سنووری ناحیەی سەرگەڕان بەردەوامە، نوێنەرەکەیان دەڵێت، 910 دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە، کەچی کارکردن لە 30 هەزار دۆنم زەوی راگیراوە و سوپای عێراق رێگری دەکات. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، چاوەڕێی رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کێشەکەمان هەمان کێشەی رابردووە کە چارەسەر نەکراوە، ئەمانە زەوی کوردن، لە دوای ساڵی 1975ـەوە لە کورد زەوت کراوە، لەدوای گەڕانەوەمان بۆ سەر زەوییەکانیش هێشتا کێشەکان چارەسەر نەکراوە".
تاوەکو ساڵی 1975 ئەو زەوییانە لای جووتیارانی کورد بوو، لە 1975 جووتیارانی کورد لە هەر سێ گوندی شەناغە، پەلکانە و سەربەشاخ دەرکران و ساڵی 1987، لە گابەرەکە و خەرابە دەرکران و عەرەبیان تێدا نیشتەجێ کران.
بەشێک لەو عەرەبانە لە چوارچێوەی مادەی 140 قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام نەگەڕاونەتەوە، هەندێکی دیکەیان قەرەبوویان وەرنەگرتووە.
وێڕای دەرچوونی ژمارەیەک بڕیار و یاسا لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق، بەڵام محەممەد ئەمین دەڵێت: "لەبەرئەوەی ئەو یاسا و بڕیارانە جێبەجێ ناکرێن، تاوەکو ئێستا زەوییەکانی بۆ جووتیارانی کورد لە تاپۆ نەگەڕاوەتەوە، عەرەبەکانیش گرێبەستی کۆنیان هەیە، بۆیە بووەتە کێشە. لەم نێوەندە سوپا دەستوەردان دەکات و دەڵێت نابێت کەس کار لەسەر ئەو زەوییانە بکات".
کێشەکە لە پێنج گوندە، کە بریتین لە پەلکانە، گابەرەکە، سەربەشاخ، شەناغە و خەرابە. نوێنەرەکەی جووتیارانی سەرگەڕان جەختی لەوە کردەوە، "هێزی سەربازی رێگە نادات هیچ جووتیارێکی کورد لەو پێنج گوندە، تەنانەت گوندی خەرابە هیچ کێشەیەکی نەماوە و هیچ گرێبەستێکی عەرەبی تێدا نەماوە، رێگە نادات جووتیارانی کورد زەوییەکانیان بکێڵن".
لەو چوار گوندەی کە دەمێنێتەوە 910 دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە، بەڵام بە گوتەی محەممەد ئەمین "سوپا کارکردنی لە هەر پێنج گوندەکە بە تەواوی راگرتووە، کە بە کۆی گشتیی نزیکەی 30 هەزار دۆنم زەوییە".
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا. نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بە دەرکردنی رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنەکە رێنماییەکانی دەرنەکردووە.
ناحیەی سەرگەڕان لە 42 گوند پێکهاتووە، دەکەوێتە قەزای دووبز لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەشدار سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان، ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو 42 گوندەی ناحیەکە، تەنیا پێنج گوند کێشەیان لەسەرە، تاوەکو ئێستا سوپا رێگە نادات جووتیارانی کورد زەوییەکانیان بکێڵن و سوپا دەڵێت چاوەڕێی رێنمایی و بڕیاری سەرووی خۆیانن و پێوەی پابەندن".
بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، "ئێمە چاوەڕێی رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین، بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرینەبەر، تاوەکو ئێستا ئەو رێنماییەمان بەدەستمان نەگەیشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێی دەرکردنی رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکانین بۆ خاوەنەکانیان، بەڵام تاوەکو ئێستا رێنماییەکانمان بەدەست نەگەیشتوون."
سێ لە گرنگترین بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی پێشووی عێراق ئەمانەن:
یەکەمیان: بڕیاری ژمارە 369ـی 1975ـە، کە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێکی داقووق و لەیلان دەگرێتەوە، بەکۆی گشتیی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
دووەمیان: بڕیاری ژمارە 824ـی ساڵی 1976ـەیە، زیاتر 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەوییە.
سێیەم: بڕیاری 949ـە کە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و دوو گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە، کۆی گشتیی ئەو بڕیارە 44 هەزار دۆنم زەوییە.
ئەوانی دیکە رووبەری جیاواز دەگرێتەوە، کە بەشێکیان لەنێو کەرکووکن، زیاتر زەویی تورکمانن لە ناوچەی تسعین و بەشێکیان لە دەوروبەری کەرکووکن.
رۆژی دووشەممە 28ـی نیسان، لیوا رووکن سادق رێسان، فەرماندەی فرقەی هەشتی سوپای عێراق و فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فەوجی ناوچەکە سەردانی جووتیارانی سەرگەڕانی کرد و لەگەڵ جووتیارەکان کۆبووەوە.
جووتیاران هەموو بەڵگەنامەکانیان خستە بەردەمیان، بەگوتەی نوێنەری جووتیاران فەرماندەی لیوا رووکن سادق رێسان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بەرپرسی هۆبەی کشتوکاڵی سەرگەڕان کرد، ئەویش پێی راگەیاندن زەوییەکانی گوندی خەرابە هیچ کێشەیەکیان لەسەر نەماوە و بە نووسراوی فەرمانگەی یاسایی هەموو گرێبەستی عەرەبەکانی گوندەکە هەڵوەشاوەتەوە و نووسراوشیان بۆ هاتووە.
فەرماندەی فرقەی هەشتی سوپای عێراق ئاماژەی بەوە کرد هەموو بەڵگەکان دەبەنە لای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بزانن ئەوان چی دەڵێن و چاوەڕێی وەڵام بن، هاوکات بە جووتیارەکانیشی راگەیاندووە کارکردن لە زەوییەکان قەدەخەیە.