لە کەرکووک بوومەلەرزەیەک روویدا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 2.8 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 04:53 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە دووریی 40 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای کەرکووک تۆمار کراوە.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، "گوڕی بوومەلەرزەکە 2.8 پلە و قووڵاییەکەشی 10 کیلۆمەتر بووە، بەڵام زیانی نەبووە."
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق مانگی ئاداری رابردوو 74 بوومەلەرزەی تۆمار کرد؛ 46یان لەنێو هەرێمی کوردستان و عێراق روویاندابوو، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1 بۆ 5.1 پلە بوون و زیانی گیانییان نەبووە.
هەر لەو ماوەیەدا 23 بوومەلەرزە لەنێو خاکی ئێران [و رۆژهەڵاتی کوردستان] و سێی دیکە لە نێو خاکی تورکیا [باکووری کوردستان] لە وان و هەکاری، بوومەلەرزەیەکیش لە سووریا و بوومەلەزەیەکی دیکە لەسەر سنووری سعودیە و کوێت روویانداوە.
21 بوومەلەرزەیان لە پارێزگای دیالە ( کفری، خانەقین و بەلەدرووز) روویانداوە و 17ی دیکەیان لە پارێزگای سلێمانی (دووکان، کەرلار و چەمچەماڵ)، دوو بوومەلەرزە لە هەولێر و و دووی دیکە لە دهۆک ( زاخۆ و سێمێل). لە کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین و مەیسانیش یەک بوومەلەرزە تۆمار کراوە.