سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر فەرمانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد. پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت دەڵێت، "نووسراوی فەرمانەکە و پێنووسەکە بۆ مێژوو لە مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە هەڵدەگرین."
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسانی 2025 نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە کۆشکی کۆماری رایگەیاند، "سوپاسی د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دەکەم کە لە سەرەتای ئەم پرۆژەیەوە تاوەکو ئەمڕۆ واژۆی لەسەر کرد، پشتیوانمان بوو. هاوکات تیمی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقیش، بەتایبەت فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لەگەڵمان ماندوو بوون. سوپاسی هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین."
پارێزگاری هەڵەبجە بە ئاماژەدان بە نووسراوی فەرمانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و ئەو پێنووسەی سەرۆککۆماری عێراق واژۆی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پێکرد، گوتی، "وەکو یادگاری و بۆ مێژوو لە مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە هەڵدەگیرێن."
دووشەممە 14ی نیسانی 2025 ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەنگیان دا لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە. دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 178 پەرلەمانتار بوو.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە نوخشە ناسیحی پرسی، "ئیستا هەڵەبجە بە فەرمی بووەتە پارێزگا، پێویستی بە دامەزراندن و کردنەوەی کۆمەڵێک فەرمانگەی فیدراڵییە، ئەو قۆناخە کەی دەستپێدەکات؟" ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "ئەو قۆناخە دوای بڵاوکردنەوەی فەرمانەکە لە وەقائیعی عێراقی و رێکارە یاساییەکان تەواو دەبن، دەستپێدەکات."
نوخشە ناسیح ئەوەیشی خستەڕوو، "ئێمە کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەی سەر بە حکومەتی فیدراڵیمان هەیە، وەکو پاسپۆرت و پسووڵەی خۆراک و تابلۆی ئۆتۆمبێل؛ واتە ئێمە پێشتریش بە شێوەیەکی مسۆگەر پارێزگا بووین؛ بەڵام رێکارە یاسایی و ئیدارییەکان مابوون. لە دوای ئەم قۆناخەوە دەتوانین شانبەشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەست بە رێکارە یاساییەکان بکەین."