تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ رووداو: دوو پێشنیاز بۆ خوێندن بە زمانی کوردی هەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی تێکەڵکردنی کەرتی پەروەردە لە حەسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و دوای یەکخستنەوەکە، تەنیا پرۆگرامی خوێندنی نیشتمانیی سووریا دەخوێندرێ و بۆ خوێندن بە زمانی کوردیش دوو پێشنیاز هەن.
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا، لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشکێشکاری رووداو، نالین حەسەن، رایگەیاند کە لەگەڵ د. محەممەد ترکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا، باسیان لە خێراکردنی ئامادەکردنی ناوەندەکانی تاقیکردنەوەی پۆلەکانی 9 و 12 کردووە و گوتی: "لە حەسەکە، قامشلۆ، شەدادی و سەرێ کانی ناوەندی تاقیکردنەوە دەکرێنەوە و رەنگە ناوەندی دیکەش زیاد بکرێن."
گوتەبێژەکەی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی پرۆسەی تێکەڵکردن، پرۆگرامی پەروەردەی پەسندکراو دەبێتە پرۆگرامی نیشتمانی.
ئەحمەد هیلالی گوتی: "پێشکەوتنێکی باش لە دۆسیەی یەکخستنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن هەیە. بۆ پرۆسەی تێکەڵکردنەکە پێویستیمان بە ساڵێکی خوێندنی گواستنەوەیە. پێشتر لە ناوچەکە (رۆژئاوای کوردستان) چەند پرۆگرامێکی خوێندن هەبوون، وەک پرۆگرامەکانی ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، پرۆگرامی هەسەدە، پرۆگرامی سریانی و پڕۆگرامی رژێمی پێشوو. ساڵی گواستنەوە دەرفەتێکە بۆ قوتابیان تاوەکو بچنە سەر پرۆگرامی نیشتمانیی یەکگرتوو."
لەبارەی داهاتووی زمانی کوردی لە سیستمی نوێدا، هیلالی روونیکردەوە کە دوو پێشنیاز هەن و گوتی، "یەکەمیان، زمانی کوردی ببێتە وانەیەکی بژاردە لە هەفتەیەکدا. ئەمە لە چوارچێوەی شتە بەردەست و گونجاوەکاندایە و هیچ لایەنێکی نەرێنی نییە. دووەم، وەرگێڕانی پرۆگرام و رێبازەکانی خوێندنی نیشتمانیی سووریایە بۆ زمانی کوردی، کە ئەمەیان کێشەی زۆر لەگەڵ خۆیدا دێنێت، بەتایبەتی لە بواری بازاڕی کار و داهاتووی پیشەییدا."
هیلالی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پرۆگرامە نیشتمانییەکان بۆ زمانی کوردی وەربگێڕدرێن و وەک بژاردە پێشکێش بکرێن، واتە ئایا قوتابی خوێندنی کوردی هەڵدەبژێرێ یان عەرەبی، ئەوکاتە پێویستیان بە باڵەخانە و قوتابخانەی تایبەت دەبێت کە ئێستا کەمن. هەروەها بە گوتەی ئەو، بەهۆی لاوازیی داهاتووی پیشەیی، خواست لەسەر پرۆگرامە وەرگێڕدراوەکان نابێت.
هیلالی باسی لەوەش کرد، ئەم پێشنیازانە بۆ ئەمیندارێتیی گشتیی سەرۆککۆمار بەرزکراونەتەوە.
لەبارەی رەوشی مامۆستایان، ئەحمەد هیلالی گوتی، وەزارەتی پەروەردە یاسای کاروباری مامۆستایانی ئامادە کردووە و چاوەڕێی کۆبوونەوەی پەرلەمانن بۆ گفتوگۆکردن و پەسندکردنی.