نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی رووداوەوە داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدانی گەنجێکی کورد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و داوای کرد سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد رابگرێت. گوتەبێژی سکرتێری گشتی دەڵێت: "سکرتێری گشتی دژی سزای لەسێدارەدانە لە هەموو بارودۆخێکدا."
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو پرسیارێکی لەبارەی ناسر بەکرزادە، زیندانیی کوردی تەمەن 27 ساڵ لە زیندانی ورمێ، ئاراستەی ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
لە وەڵامی رووداو دا، ستیفان دوژاریک رایگەیاند: "سکرتێری گشتی زۆر روون بووە لەسەر ئەوەی دژی سزای لەسێدارەدانە، بەبێ هیچ جیاکارییەک و لە هەموو بارودۆخێکدا. ئێمە دەمانەوێت بڕیاری راگرتنی کارکردن بەو سزایە ببینین و ئەو کەسانەی سزاکەیان بۆ دەرچووە، لەسێدارە نەدرێن."
گوتەبێژی سکرتێری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داکۆکیکردنە لە مافەکانی مرۆڤ و گوتی: "ئەوە رێک ئەو کارەیە کە ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ ئەنجامی دەدات."
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رۆژی شەممە 25ـی نیسانی 2026، ناسر بەکرزادە بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بانگ کراوە و سزای کۆتایی لەسێدارەدان کە لەلایەن لقی 39ی دیوانی باڵای ئێرانەوە دەرچووە، بە فەرمی پێی راگەیێندراوە.
بەکرزادە پێشتر لەلایەن لقی دووی دادگەی شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی ستیڤان دووجاریک:
رووداو: دادگە سزای لەسێدارەدانی بۆ زیندانییەکی کوردی تەمەن 27 ساڵی زیندانی ورمێ بە ناوی ناسر بەکرزادە پەسند کردووە، ئەویش پەیامێکی دەنگی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بە نائومێدییەوە داوای هاوکاری لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات. دەڵێت 'تەنیا تاوانی ئەوەیە کە کورد و سوننەیە و سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، لەوانەش سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل'. پرسیارەکەم ئەوەیە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت چی بۆ بکات؟
ستیفان دوژاریک: سکرتێری گشتی زۆر روون بووە لەسەر ئەوەی کە دژی سزای لەسێدارەدانە، بەبێ هیچ جیاکارییەک و لە هەموو بارودۆخێکدا. ئێمە دەمانەوێت بڕیاری راگرتنی کارکردن بەو سزایە ببینین. دەمانەوێت ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لەسێدارە نەدرێن. یەکێک لەو کارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامی دەدات داکۆکیکردنە و ئەوەش رێک ئەو کارەیە کە بەڕێز تورک [کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ] ئەنجامی دەدات.