لە مانگی داهاتووەوە سێ هێڵی ئاسمانی گەشتەکانیان بۆ هەولێر دەستپێدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە سێ هێڵی ئاسمانیی جیهانی گەشتەکانیان بۆ هەولێر دەستپێدەکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسان 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 8ـی مانگی داهاتوودا هەردوو هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرلاین و هێڵی ئاسمانیی پێگاسۆس گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێدەکەنەوە."
پێشتر هێڵی تورکیش ئێرلاین رۆژانە سێ گەشت و پێگاسۆسیش رۆژانە دوو بۆ چوار گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر هەبوو. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر گوتی: "بەپێی خشتەکان، هەموو ئەو شوێنانەی لە کاتی جەنگەوە گەشتەکانیان بۆ هەولێر وەستاوە، دەستپێدەکەنەوە."
لەبارەی گەشتەکەی دیکە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت:"لە 10ـی هەمان مانگدا، هێڵی ئاسمانیی قەتەر ئێروەیز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکاتەوە".
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، بەهۆی جەنگەوە عێراق ئاسمانەکەی بە رووی گەشتی هاتوو، رۆیشتوو، هەروەها تێپەرینى فڕۆکەکاندا راگرتبوو، 8ی نیسان بەهۆى ئاگربەستى نێوان ئەمریکاو و ئێران ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا کرایەوە.