چارەنووسی رۆژنامەڤانێکی رانیە نادیارە؛ پۆلیس دەڵێت لای ئەوان نییە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێک بە ناوی جووتیار رەسول، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە دوێنێوە پەیوەندیی بە کەسوکار و دەزگا میدیاییەکەیەوە پچڕاوە. پۆلیسی ناوچەکەش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکیان لەو بارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە و لای ئەوانیش نییە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، نووسینگەی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەدواداچوونی بۆ چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە دەستپێکردووە. بەپێی زانیارییەکانی سەندیکا، جووتیار رەسول پێش دیارنەمانی، بە شێوەیەکی یاسایی مۆڵەتی فەرمی لە ماڵپەری "پایتەخت میدیا" وەرگرتووە کە لەو ماڵپەڕە پەیامنێرە و سەرقاڵی ئامادەکاری بووە بۆ گەشتێکی خێزانی، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە باری ژیانی ئاسایی بووە و هیچ کێشەیەکی پێشوەختەی نەبووە.
شۆرش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو رۆژنامەنووسە لای ئێمە دەستگی نەکراوە و تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکیش لەسەر دیارنەمانی تۆمار نەکراوە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، پێویستە خێزان و کەسوکارەکەی سکاڵا تۆمار بکەن تاوەکو پۆلیس دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی فەرمی بکات، وێنە و ناوی بڵاو بکاتەوە و گشتاندن بۆ هەموو ناوچەکان بکات. گوتیشی: "ئەگەر بابەتەکە ببێتە بابەتێکی میدیایی، ئەوکاتە داواکاری گشتی دەتوانێت سکاڵا بکات، یان ئەگەر خێزانەکەی سکاڵایان نەکرد، سەندیکای رۆژنامەنووسان دەتوانن لە رێگەی داواکاری گشتییەوە هەنگاوی یاسایی بگرنەبەر."
لەلایەکی دیکەوە، ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هیچ کەسێک بەو ناوە و بەو ناونیشانە لای ئەوان نییە و هیچ بابەتێکی لەو شێوەیەش لای ئەوان تۆمار نەکراوە. باسی لەوەشکرد، کە پێویستە کەسوکارەکەی لە پۆلیسی ناوچەکەی خۆیان سکاڵا تۆمار بکەن.
فەرەیدوون رەسول، برای جووتیار رەسول سەبارەت بە وردەکاریی بێسەروشوێنبوونی براکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "براکەم رۆژی سێشەممە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە ماڵ دەرچووە، بڕیار بوو بۆ کاری رۆژنامەنووسی ئەو رۆژە کاژێر 04:00ی پاشنیوەڕۆ لە ناوچەی سمقوڵی بێت، بەڵام لەوێ نەبووە بۆ کارەکەی".
برای ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیار بووە، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانی بچێت بۆ سەیران. لە دوای نیوەڕۆوە تەلەفۆنی بۆ ناچێت و هیچ وەڵامێکی نییە. تەنانەت ئۆتۆمبێلەکەشی دیار نییە.
فەرەیدوون رەسول گوتی: "ئەمڕۆ لە ئاسایشی قەڵادزێ سکاڵامان تۆمار کردووە، چووین بۆ پۆلیسی قەڵادزێش، پێیانگوتین ئەگەر تاوەکو سبەی کاژێر 09:00ی بەیانی دیار نەبوو، ئەوکات وەرن سکاڵا تۆمار بکەن."
لەبارەی هەڵوێستی ناوەندە داکۆکیکارەکان لە مافی رۆژنامەنووسان، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاتێک رۆژنامەنووسێک دیار نامێنێت یان هێرشی دەکرێتە سەر، پێش هەموو لایەک دەبێت هێزە ئەمنییەکان بیسەلمێنن کە لای ئەوان نییە."
رێکخەری سەنتەری میترۆ داوای لە هێزە ئەمنییەکانی راپەڕین کرد روونکردنەوەی فەرمی لەسەر دیارنەمانی پەیامنێرەکەی پایتەخت میدیا بدەن، کە لە پێشنیوەڕۆی دوێنێوە بێسەروشوێنە و هاوکار و کەسوکاری هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسییەوە نییە.