پەرلەمانتارانی کوردستان بەبێ دەوامکردن 10ملیار دینار و 100 شوقەیان وەرگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی ساڵێک و نیو بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستا دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەکان پێکنەهێنراون و پەرلەمانتارانیش کەمترین دەوام دەکەن، بەڵام وەکو هەموو فەرمانبەرانی دەواڵەت مووچە وەردەگرن کە بڕەکەی حەوت ملیۆن و 400 هەزار دینارە.
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، تاوەکو لایەنە سیاسییەکان رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەکەن، پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە.
لە 02-12-2024 بەربژێرانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و بوونە پەرلەمانتار، بەڵام لەوکاتەوە، بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە، دانیشتنی دیکە نەکراوە.
10 ملیار مووچەیان وەرگرتووە
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بەربژێری سەرکەوتوو لەو رۆژەی سوێندی یاسایی دەخوات هەموو شایستەیەکی پەرلەمانتاریی بۆ هەژمار دەکرێت.
بەرپرسێک لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لەبارەی مووچەوە بە رووداوی گوت، "مووچەی پەرلەمانتار بە یاسا جێگیر کراوە و لە هەموو دونیاشدا وایە، بۆیە پەرلەمانتارانی خولی شەشەمیش مووچە وەردەگرن، هەرچەندە دەستەی سەرۆکایەتیش هەڵنەبژێردرابێت، چونکە ئەوان ئێستا وەکو فەرمانبەرێک وان."
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی کورسییەکان لە 111ـەوە بۆ 100 کەمکرایەوە، ئەو 100 پەرلەمانتارە لەدوای سوێندخواردنیانەوە کە دەکاتە 17 مانگ لەمەوبەر، 14 مووچەیان وەرگرتووە.
لەم خولەدا، فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاری بایکۆتی داوە و لە سێ پەرلەمانتاری، یەکێکیان سوێندی خواردووە کە ئەویش بە دەرکراو لە فراکسیۆن هەژمار کرا.
هەروەها، لاهوور شێخ جەنگی، پەرلەمانتاری دەرچووی بەرەی گەلیش، تاوەکو ئێستا سوێندی یاسایی نەخواردووە، واتە بە گشتی، 97 پەرلەمانتار سوێندیان خواردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، ئێستا هەر پەرلەمانتارێک بڕی 7 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەردەگرێت، کە دەکاتە 1358 مووچە بۆ 14 مانگ؛ واتە لەو ماوەیەدا پەرلەمانتاران بڕی زیاتر لە 10 ملیار دیناریان وەرگرتووە.
ئەگەریش لێژنەکان کارا بکرێن، هەر پەرلەمانتارێک بڕی 1 ملیۆن دینار دەچێتە سەر مووچەکەی و دەبێتە 8 ملیۆن و 400 هەزار دینار.
100 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ پەرلەمانتاران
لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا، هەر پەرلەمانتارێک یەکەیەکی نیشتەجێبوونی پێدەدرا، بەڵام دوای تەواوبوونی خولەکە، رادەستی دەکردەوە. لە خولی شەشەمیشدا 100 یەکەی نیشتەجێبوون بە گوێرەی ژمارەی کورسییەکان، دراوە بە فراکسیۆنە جیاوازەکان و ئەوانیش دابەشیان کردووە بەسەر ئەندامەکانیاندا.
پەرلەمان ئامادەیە، بەڵام ئەگەری دانیشتن لاوازە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو لایەنە سیاسییەکان رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەکەن، پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە.
هیوا نەسردەین گوتی: "ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان، چاوەڕێی تەواوکردنی رێژەی یاسایین و پەرلەمان ئامادەیە بۆ دانیشتن".
لەبارەی هەوڵی حیزبەکانیش (بەتایبەت پارتی و یەکێتی) بۆ کۆبوونەوە گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچمان پێ نەگوتراوە."
پارتی و یەکێتی گەورەترین فراکسیۆنەکان و ناکۆکترینەکانی پەرلەمان
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسیی بەدەستهێنا. هەروەها یەکگرتوو 7 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و گۆڕانیش 1 کورسی بەدەستهێنا.
14ی ئابی 2025، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، هەردوو شاندی دانوستاندکاری یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشیان، "پێویستە هەوڵی چڕ و جیدی بدرێت بۆ ئەوەی مانگی ئەیلوول، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات."
بەڵام لەدوای ئەو راگەیێندراوە، نەک پەرلەمان دانەنیشت، بەڵکو پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیش بووە بەستەڵەک و کۆبوونەوەکانیان بەبێ ئەوەی ئەنجامیان هەبێت، نەمان.
دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێندە دواخرا، تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمان و دواتریش سەرۆککۆماری عێراقی بەدوادا هات؛ پارتی دەستی تۆمەت بۆ یەکێتی درێژ دەکات و دەڵێ: "بە ئەنقەست پێکهێنای حکومەتی دواخست."
رۆژی دووشەممە، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە نەیویست ناوی بهێنین بە رووداوی گوت: "پارتی زانیاریی سەد لە سەدی هەبوو کە یەکێتی ویستی کابینەی 10 پێکنەیەت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی عێراق، بۆیە پارتیش ئامادە نییە وەکو پێش ئەم قۆناخە مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکاتەوە."
لەدوای کۆچی دوایی مام جەلال و بە دیاریکراوی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ەوە، پۆستی سەرۆککۆمار بووەتە گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتی، نە پارتی بە بەربژێری یەکێتی رازییە و نە یەکێتیش سازش دەکات. بەڵام وەکو عورفێکی سیاسیی ئەو پۆستە پشکی کوردە و بە لێکتێگەیشتنی پێشوویش، لەنێو کورد درا بە یەکێتی، بەڵام خەریکە دەبێ بە دەیەیەک ئەو لێکتێگەیشتنە نەماوە.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، لە بەغدا رێککەوتن کرا (لەنێوان پارتی و یەکێتی و حیزبە کوردستانییەکانی دیکە) لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆمار، بەڵام یەکێتی پێشێلی کرد و لە بەرەیەکی دیکەوە کاری خۆی کرد.
پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، بێئومێد نییە لە لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی و دەڵێت، "یەکێتی هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ. ئێمە لە حکومەت پێکەوەین و پێشبینی دەکەم دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان بچێتە قۆناخێکی دیکەوە."
بە گوتەی تاڵەبانی، "زەرورە و دۆخەکە وا دەخوازێت پارتی و یەکێتی بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و کۆببنەوە."