دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس و کۆمپانیایەک تێچووی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی یونس لە ئەستۆ دەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ بە دڵێکی پڕ و چاوی پڕ لە ئومێدەوە لە رێگەی شاشەی رووداوەوە چیرۆکی ژیان و ئەو نیشانە سرووشتییەی سەر دەموچاوی گێڕایەوە، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت و دەزگەیەکی خێرخوازی بەدەم داواکارییەکەیەوە دێن و بەڵێنی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی ژیان و چارەسەریی پزیشکی پێدەدەن.
 
یونس ئەحمەد، ئەو گەنجە تەمەن 25 ساڵەی کە نیوەی دەموچاوی بە نیشانەیەکی سرووشتی (خاڵ) داپۆشراوە، دوێنێ سێشەممە لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی دۆخی خۆی کرد.
 
ئامادەیی دەربڕین بۆ هاوکاریکردنی یونس
 
عەدنان سوورچی، نوێنەری (دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی) ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند: "هەر لە دوای بەرنامەکە، بەڕێز حاجی ئیدریس گوتی ئەو گەنجە هەرچییەکی پێویستە لە خەرجی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی تاوەکو چارەسەری پزیشکی و هەر شتێکی دیکە، لە ئەستۆی دەگرین و دەبینە کەس و برا بۆی."
 
هاوکات کۆمپانیای ئێم سەنتەر، بریکاری بەرهەمەکانی ئەپڵ لە عێراق، دوای بینینی بەرنامەکە لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە: "ئەو کوڕە قۆزە ئاگادار بکەنەوە، تێچووی ژنهێنانی لەسەر ئێمەیە. هەر کات بۆی گونجاو بوو هاوسەرگیری بکات." 
کۆمپانیاکە وەک هاندانێک بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی رایگەیاند: "ئایفۆن 17ـیش دەکەینە دیاری بۆ ئەو کچەی هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات."
 
لە شوانییەوە بۆ کرێکاری؛ ژیانێکی پڕ لە مەینەتی
 
یونس ئەحمەد تاوەکو پۆلی هەشتی بنەڕەتی خوێندووە و دوای کۆچی دوایی باوکی، ناچار بووە قەڵەم و دەفتەر جێبهێڵێت و روو لە شوانی و دواتریش کرێکاری بکات بۆ هاوکاریکردنی دایکە نەخۆشەکەی.
 
ئێستا یونس لەگەڵ دایکی لە ماڵی براکەی لە بەحرکە دەژین. یونس دەڵێت: "رۆژانە لە شەقام چاوەڕێی کار دەکەم. هەندێک رۆژ 10 یان 15 هەزار دینارم دەستدەکەوێ و هەندێک رۆژیش هیچ. ئەو پارەیەش بۆ دەرزی و دەرمانی دایکم خەرج دەکەم."
 
ئاواتی دایکێک: "پێش مردنم بیبینم لە ماڵی خۆیدایە"
 
لەیلا رەسووڵ، دایکی یونس کە تەمەنی 60 ساڵە و کەمئەندام و نەخۆشە، پێویستی بە دەرزییەک هەیە کە نرخەکەی 40 هەزار دینارە. یونس بۆ دابینکردنی خەرجییە پزیشکییەکان، بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار قەرزار بووە.
 
دایکی یونس لە (بەرپرسیار)دا بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی: "کاتێک یونس لەدایکبوو، گوتم ئەمە کاری خودایە و بە جوانترین شێوە بەخێوم کرد. ئێستا تەنیا ئاواتم ئەوەیە پێش مردنم بیبینم کە چارەسەری وەرگرتووە، هاوسەرگیری کردووە و لە ماڵی خۆیدایە."
 
چارەسەرەکە دوو ساڵی پێویستە
 
سەبارەت بە لایەنی پزیشکی، دکتۆر سامی وەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، لە بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو نیشانەیەی یونس پێی دەگوترێت "خاڵی ئۆتا" و هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیانی نییە.
 
دکتۆر سامی دەڵێت، "لابردنی نیشانەکە تەنیا بۆ جوانکارییە و دەکرێ لەرێگەی نەشتەرگەری یان بەکارهێنانی لێزەرەوە چارەسەر بکرێ، بەڵام پرۆسەکە نزیکەی دوو ساڵ دەخایەنێت و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان چارەسەری هەیە."
 
یونس دەڵێت، "دەمەوێ نەشتەرگەری بکەم و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەم، هیوادارم بتوانم وەک هەر گەنجێکی دیکە ژیانی هاوژینی پێکبێنم."