زیاتر لە 856 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی دۆخی مرۆیی تایبەت بە مانگی ئاداری 2026ی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو و دەڵێ، 856 هەزار و 831 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ئاماری گشتی و ناسنامەی ئاوارە و پەنابەران
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کۆی گشتیی ئەوانەی وەک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، گەیشتووەتە 856 هەزار و 831 کەس کە ئەندامی 198 هەزار و 960 خێزانن.
ئاوارە : 573 هەزار و 413 کەس (115 هەزار و 503 خێزان).
پەنابەر: 283 هەزار و 418 کەس (83 هەزار و 457 خێزان).
زۆرینەی پەنابەرانی بیانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریان کە ژمارەیان 265 هەزار و 12 کەسە. دوای ئەوان پەنابەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دێن کە ژمارەیان 8 هەزار و 897 کەسە، ئینجا پەنابەری خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا کە ژمارەیان 7 هەزار و 258 کەسە، هەروەها هەزار و 18 پەنابەری فەڵەستینی و هەزار و 233 پەنابەری وڵاتانی دیکەش لە هەرێمی کوردستان هەن.
دابەشبوون بە گوێرەی پارێزگاکان
پارێزگای دهۆک لە میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەراندا پلەی یەکەمی گرتووە، دواتر هەولێر و سلێمانی:
دهۆک: 381 هەزار و 99 کەس (45%ـی کۆی گشتی)
هەولێر: 340 هەزار و 165 کەس (39%ـی کۆی گشتی)
سلێمانی: 135 هەزار و 567 کەس (16%ـی کۆی گشتی)
ئاماری کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان
راپۆرتەکە بە وردی چۆنیەتیی نیشتەجێبوونی ئاوارە و پەنابەرانی لەنێو 27 کەمپی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە:
1. ئاوارە
کەمپەکان: 101 هەزار و 533 کەس (21 هەزار و 127 خێزان)
دەرەوەی کەمپەکان: 471 هەزار و 880 کەس (94 هەزار و 376 خێزان).
2. پەنابەرانی سووریایی
کەمپەکان: 91 هەزار و 968 کەس (20 هەزار و 391 خێزان).
دەرەوەی کەمپەکان: 173 هەزار و 44 کەس (34 هەزار و 608 خێزان).
هەرێمی کوردستان 27 کەمپی چالاکی هەیە
لە پارێزگای دهۆک 17 کەمپ هەیە کە 13 کەمپی ئاوارە و 4 کەمپی پەنابەران. گرنگترین کەمپەکان بریتین لە (بەرەسف، دەرکار، چەم شکو، کەبەرتوو، باجێت کەنداڵ، خانکێ، روانگە قەندیل، شاریا، مەمیلان،دادوییە، ئیسیان، مام رەشان، شێخان، دۆمیز 1 و 2، گەویلان).
لە پارێزگای هەولێر 9 کەمپ هەیە؛ 5 کەمپی ئاوارە (حەسەن شام U2 و U3، خازر M1، دیبەگە، بەحرکە و 4 کەمپی پەنابەران (قوشتەپە، کەورگۆسک، دارە شەکران، باسرمە).
سلێمانی (1 کەمپ): تەنیا کەمپی (عەربەت/باریکە) بۆ پەنابەران.
جووڵەی ئاوارە و پەنابەران لە مانگی ئاداردا
لە ئاداری 2026دا هەزار و 644 پەنابەری نوێ هاتوونەتە کوردستان و لە بەرامبەردا 682 کەس گەڕاونەتەوە. هیچ ئاوارەیەکی نوێ نەهاتووە، بەڵام 242 کەس گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
تێچووی دارایی و پێداویستییەکان
بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بەم بڕە پارانە هەیە (بە دۆلار):
تێچووی رۆژانە: 580 هەزار و 503 دۆلار.
تێچووی مانگانە: 17 ملیۆن و 415 هەزار و 90 دۆلار.
تێچووی ساڵانە: 208 ملیۆن و 981 هەزار و 80 دۆلار.
دوایین ئامار؛ لیستی وردی داتاکان بەگوێرەی پارێزگاکان
کۆی گشتیی ئاوارە و پەنابەران: 856 هەزار و 831 کەس.
ژمارەی ئاوارە لە دهۆک: 288 هەزار و 873 کەس.
ژمارەی ئاوارە لە هەولێر: 188 هەزار و 970 کەس.
ژمارەی ئاوارە لە سلێمانی: 95 هەزار و 570 کەس.
ژمارەی پەنابەرانی سووریایی لە هەولێر: 142 هەزار و 837 کەس.
ژمارەی پەنابەرانی سووریایی لە دهۆک: 86 هەزار و 492 کەس.
ژمارەی پەنابەرانی سووریایی لە سلێمانی: 35 هەزار و 683 کەس.