ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو: هەڵبژاردنی پێشوەختە قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان داوا دەکات کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان بهێنرێت و رێز لە ئیرادە و دەنگی خەڵک بگیرێت. دەشڵێت، پێویستە پارتی و یەکێتی لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
مستەفا عەبدوڵڵا، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "دەبێت رێز لە دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگیرێت، پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، بەوە لە چەقبەستوویی رزگارمان دەبێت." ئەو دەڵێت، "دەسەڵاتداران رێز لە ئیرادەی خەڵک ناگرن."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە بە چارەسەر نازانێت و پێیوایە قەیرانەکە "قووڵتر دەکاتەوە"، چونکە رێکارە یاساییەکانی ئاسان نین و کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە و کۆمیسیۆنی بەغداش ئامادەنییە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنێکی دیکە بکات.
مستەفا عەبدوڵڵا، ئاماژەی بە هەوڵەکانی یەکگرتوو بۆ نێوەندگیری کرد و گوتی، "مانگێک لەمەوبەر جەنابی مامۆستا سەڵاحەدین سەردانی کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان و کاک بافڵی کرد و پێی گوتن، پێویستە ئەو قۆناغە تێپەڕێنین و جیاوازییەکان وەلا بنێین."
یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە چارەسەریی دۆخەکە ئەوەیە کە "ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارە واز لە عینادی و سەرکێشی بهێنن و داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن و لاپەڕەیەکی نوێی حوکمڕانی هەڵبدەنەوە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، چوونە پاڵ هەر یەک لە بەرەی پارتی یان یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان "واقعی نییە" و دۆخەکە خراپتر دەکات. مستەفا عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەگەر بزانین سەقامگیری بەوە دروست دەبێت، ئێمە لەگەڵ پارتی یان لەگەڵ یەکێتی حکومەت کارا دەکەینەوە، بەڵام دەزانین قەیرانەکان قووڵتر دەبنەوە و دوو ئیدارەیی بە یەکجاری دەردەکەوێت."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێشتر داوایان کردووە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت دوو پاکێجی جیا بن، "بەڵام قبووڵیان نەکرد." ئەو گوتیشی، "ئێمە خوازیاری ئاشتەوایی و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستانین."