بانە.. رێوڕەسمی ساڵیادی گیانلەدەستدانی تەها کەریمی بەڕێوەچوو
رووداو - بانە
تەها كەریمی لەساڵی 1976 لەگوندی بۆیەنی سەر بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبوو. لە تەمەنی هونەری خۆیدا 23 بەرهەمی سینەمایی خستووەتە نێو هەنبانەی سینەمای کوردی. تەها کەریمی لە 29ی ئایاری 2013 لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.
ئێستاش دوای دوو ساڵ، بنەماڵە، هاوڕێیان و هۆگرانی هونەر و ئەدەبیات و سینەما لەسەر گۆڕەکەی کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی کە یادی بە زیندوویی بهێڵنەوە.
رێوڕەسمەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو. بەشی یەکەم لە گۆڕستان، فاتیحا و رۆرۆی دایکی تەهای کەریمی تێکەڵ بەیەک بوون کە دوو جوانەمەرگی لەتەنیشت یەکتری نێژراون و بەشی دووەمیش بەدوور لە هۆڵە فەرمییەکان لە حەوشەی ماڵی خۆیاندا بەڕێوەچوو. رێوڕەسمەکە دەرفەتێکیش بوو بۆ ئاوڕدانەوە لە نێوەڕۆکی بەرهەمەکانی تەها کەریمی. بەشداربووان دەڵێن مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەری دوو کۆڵەکەی سەرەکی بەرهەمەکانی ئەو بوون.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، لەلایەن باوکی تەها کەریمی و کەسایەتی ئەدەبی شاری بانە، عەتا نەهاییەوە رێز لە سینەماکار تۆفیق ئەمانی گیرا بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک بەناوی ماڵی مێروولەکان کە هاوشێوەی بەرهەمەکانی تەها کەریمییە.
بەشداربووان دەڵێن کوێستانی سپی، هەزار و یەک سێو، کوێستانی قەندیل و چەندین بەرهەمی دیکە، تەها کەریمی بە زیندوویی دەهێڵنەوە. هونەرمەندانی بەشداریش دەڵێن بەرهەمەکانی کەریمی رێچکەی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستییان لەنێو هونەر و سینەمای کوردی بەهێزکردووە و رەنگیان بە بەرگی هونەری کوردییەوە هەر دەمێنێ.