پارێزەرێک: ژن هەبووە لەسەر لەبیرنەبوونی رۆژی لەدایکبوون داوای جیابوونەوەی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە هەرێمی کوردستان زیاد بووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەشێک لە هۆکارەکان بۆ لێکتێنەگەیشتنی هاوژینان دەگەڕێننەوە. پارێزەرێکیش دەڵێت، ئافرەت هەبووە لە دادگە لەسەر ئەوە داوای جیابوونەوەی لە مێردەکەی کردووە کە رۆژی لەدایکبوونی ئەوی لەبیر نییە.
سوورداش قادر کوردە، پارێزەرە و بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئافرەتان زیاتر لە پیاوان داوای جیابوونەوە دەکەن. زۆر هۆکاری جیابوونەوە ئەوەندە سادە و پووچن کە هەر بۆ ئەوە باشە بە نووکتە باس بکرێن. ئافرەت هەبووە لە دادگە لەسەر ئەوە داوای جیابوونەوەی لە مێردەکەی کردووە کە رۆژی لەدایکبوونی ئەوی لەبیر نییە. ئافرەت هەبوو دەیگوت: 'چەند ساڵە ژنی ئەو پیاوەم و چێشتی لە بەردەم دادەنێم، تاوەکو ئێستا پێی نەگوتووم دەستت خۆش بێت.' زۆر جار دەستتێوەردانی کەسی سێیەم لە ژیانی ژن و مێردە گەنجەکاندا هۆکارە بۆ جیابوونەوەیان."
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا وەکو ئەو پارێزەرە ئاماژەی پێکرد، زیاتر لە چوار هەزار دۆسیەی کێشەی نێوان ژن و مێردان لە دادگەکاندا تۆمار کراون کە هەموویان پەیوەندییان بە جیابوونەوە (تەڵاق) نییە، "بەڵام زۆریشیان تێدایە."
لیژنەکانی فەتوا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان گەلێک کێشەی جیابوونەوەی هاوژینان لەسەر هۆکاری جۆراوجۆر دەچێتە لایان و لە رێگەی ئایینییەوە چارەسەریان دەکەن یان لێکیان جیا دەکەنەوە. زۆر جاریش لە دەرەوەی لیژنەکانی فەتوا و دادگەکانیش گرێبەستی هاوسەرگیری دەکرێت کە ئەوەیش بە کێشەیەک دادەنرێت.
مەلا رەعد ئۆمەربلی، گوتەبێژی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان گوتی: "هەندێک بابەت هەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی ژن و مێرد لێک جیا ببنەوە نازانێت خەفەتی پێ بخۆیت یان پێبکەنیت! پیاو هەبووە لەسەر قاپشۆرین ویستوویەتی ژنەکەی تەڵاق بدات. دەیگوت: 'پێم گوتووە کە دەبێت لە فڵان سەعاتدا قاپەکان بشوات. مەعقوول نییە من عەسر دەچمەوە ماڵ هێشتا قاپی نیوەڕۆی نەشتووە!' پار لە لیژنەی فەتواکانی هەرێمی کوردستاندا 947 کێشەی تەڵاق هەبووە. لە هەولێردا 314 بووە، هاوکات 135 تەڵاقیشمان چاک کردووەتەوە."
گوتەبێژی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە زۆر خراپە مامۆستایانی ئایینی لە دەرەوەی دادگە کچ و کوڕ لێک مارە بکەن، چونکە ئەگەر دواتر لێک جیاببنەوە ئایا ئەو مامۆستایە دەتوانێت مافە داراییەکانی ئافرەتەکە وەربگرێتەوە؟ بێگومان نەخێر.
لە هەرێمی کوردستان زۆر رێکخراوی ئافرەتان هەن کە کار لەسەر ئاشتەوایی نێوان هاوژینان دەکەن و داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان دەکەن بۆ ئەوەی مافیان نەخورێت.