شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ: سەرجەم گەنمی جووتیاران بە نمرە یەک وەردەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە بەغدا دەڵێت، لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق رێککەوتوون، کە بۆ ئەمساڵ تەواوی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە گەنمی نمرە یەک و بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەربگیرێت و لەماوەی دوو هەفتەشدا پارەکەی رادەستی جووتیاران دەکرێت.
رزگار حەمەد، سەرۆکی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە بەغدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: بە بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق پێشتر هەناردەکردنی بەرهەمی سەوزە و میوە و پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق قەدەخە کرابوو، بەڵام لە ئەمڕۆوە ئەو بڕیارە راگیراوە و هەناردەی سەوزە و میوە و بەروبوومی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق ئازاد دەکرێن.
ئەو گوتانەی سەرۆکی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە بەغدا لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی کشتوکاڵی عێڕاق بڕیاریدابوو بۆ ئەمساڵ تەنیا 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە هەر تۆنێک بە 850 هەزار دینارە، لەکاتێکدا هەموو گەنمی جووتیارانی عێراق وەردەگرێت، ئەوەش ناڕەزایەتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
رزگار حەمەد گوتی، بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 2 ملیۆن و 700 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە لە هەرێمی کوردستان و بەپێی خەمڵاندنەکانیش چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی گەنم سەروو یەک ملیۆن تۆن بێت، هەر بۆیە بڕیاری وەرگرتنی تەواوی بەرهەمی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە گرنگە، ئەگەرنا بەهۆی زۆری بەرهەمەکەوە لە بازاڕدا نرخەکەی دادەبەزێت و رەنگە ئەوکات جووتیاران ناچاربن تۆنی بە 500 هەزار دینار بفرۆشن، بەڵام ئێستا بە 850 هەزار دینار لێیان وەردەگیرێتەوە و پارەکەشی دواناکەوێت و تەواوی گەنمەکەش بە گەنمی نمرە یەک هەژمار دەکرێت لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو گەنمی جووتیاران بە 3 نمرە پلەبەندی کرابوو، نمرە یەک و دوو و سێ و نرخی هەر نمرەیەکیش جیاوازبوو.
هاوکات بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە قەدەخە لەسەر هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەڵگیراون و لە راگەیێندراوەکەیدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە هاتووە: "رێگەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ بازاڕەکانی بەرهەمی ناوخۆیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و دەتوانن بەرهەمەکانیان لەوێشدا ساخ بکەنەوە."
ساڵی رابردوو لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، وشکەساڵی و کەمبارانی بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمی جووتیارانی وەرگرت، کە زیاتر بوو لە 300 هەزار تۆن بە جۆرێک لە رێگەی سایلۆکانەوە لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم وەرگیران، ئەمساڵیش پێشوەختە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق فۆرمێکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان نارد و تێیدا زانیارییەکانی ناوی جووتیاران، قەبارەی زەوییەکانیان، چەندی دەچێنن و بەرهەمیان چەند دەبێت تۆماری کرد.