مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

حەوت رۆژە شۆفێری بارهە‌ڵگرەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانیان گرتووە.

ماوەی حەوت رۆژە شوفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی ئێران لە 70 شاری ئەو وڵاتە مانیان گرتووە و تاوەکو ئێستا مانگرتنەکەیان بەردەوامە.
 
شوفێرە مانگگرتووەکان داوا دەکەن کێشەی داهات و بژێوی شۆفێرانی بارهەڵگر چارەسەر بکرێت، سووتەمەنییان بە نرخی هەرزان پێبدرێت، کرێی گواستنەوە زیاد بکرێ، تێچووی بیمە کەمبکرێتەوە و هەروەها دادپەروەری هەبێت لە پێدانی باردا.
 
بەشێکی بەرچاو لە بارهەڵگرەکان راگیراون و ئامادەنین کەلوپەل بگوازنەوە. بەشێک لە تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنیش مانیان گرتووە.
 
دوێنێ سێشەممە پۆلیسی ئێران بڵاویکردەوە، هەندێک کەس بە "هەڕەشە" داوا لە شۆفێران دەکەن پەیوەستی مانگرتن ببن، گوتیشی، ئەو کەسانە دەستبەسەر و سزا دەدرێن، چەندین کەسیش بەو تۆمەتە دەستبەسەرکراون.
 
ئەوە لە کاتێکدایە وەستانی گواستنەوەی کاڵا، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان هەیە.