کتێبێک لەبارەی چیڕۆکی سەرکەوتنی کۆمپانیا عێراقی و کوردستانییەکان بڵاودەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین کتێبی بازاڕگەریی سەردەم لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاودەبێتەوە کە چیڕۆکی سەرکەوتنی کۆمپانیا نێوخۆییەکان دەگێڕێتەوە.
 
بڕیارە رۆژی شەممە، 31-5-2025، لە هەولێر لە ئیڤێنتێکدا کتێبی "بنەماکانی بازاڕگەری سەردەم- چاپی عێراقی" بڵاوبکرێتەوە. هەر لە ئیڤێنەتەکە خەڵاتی کۆتلەر دابەش دەکرێت. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی ئیڤێنتەکەیە.
 
ئەم کتێبە چاپێکی نوێی زنجیرە کتێبێکە لە ژێر چاودێری فیلیپ کۆتلەر، گەورە شارەزای بازاڕگەری سەردەم بڵاودەکرێتەوە. گرنگییەکەی لەوەدا دێت کە زانستی بازاڕگەری بە شێوازی تیۆری و کرداری باس دەکات.
 
کۆپیی ئەم ساڵ لە لایەن سادیا کیبریا، بەرێوەبەری جێبەجێکاری لووتکەی بازاڕگەری جیهانی نووسراوە، هەروەها زانیار جەبار، پسپۆری بواری بازاڕگەرییە و گەنجێکی کوردە بەشداری لە نووسینی کتێبەکەدا کردووە، یەکەمجارە کوردێک بەشداری لە نووسینی کتێبەکەدا دەکات. 
 
زانیار جەبار، هاونووسەری کتێبەکە دەڵێت، "دەستکەوتێکە هەموومان شانازیی پێوەبکەین و پێی دڵخۆش بین، چونکە یەکەمجارە لە عێراق کتێبێکی لەم شێوەیە بنووسرێت."
 
زانیار جەبار دەشڵێت، "ئەمە یەکەمین کتێبە وەکو کتێبێکی تایبەت بە بازاڕگەری و بزنس لە عێراق بڵاوببێتەوە و رەنگدانەوەی سەرکەوتنی کۆمپانیا عێراقی و کوردییەکان بێت."
 
ئەو هاونووسەرە کە هاوکات مامۆستای زانكۆ و دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای "ستراتیجیک ئه‌ڵایس"ـە کە تاكه‌ هاوبه‌شی كۆتله‌ر ئیمپاكتە له‌ عێراق دەڵێت، "کتێبەکە جیهانییە و لە تەواوی جیهان بەردەست دەبێت و دەتوانین چیڕۆکەکانی سەرکەوتن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە جیهان بناسێنین."
 
قسەکانی زانیار جەبار لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممەی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشكێشی کرد.
 
ئەو شارەزایە دەڵێت، "کۆمەڵێک مەرج هەن بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک ناوی لە کتێبەکە هەبێت؛ سەرەکیترینیان ئەوەیە چیڕۆکێکی سەرکەوتنی لە بواری بزنس، بازاڕگەری و کارگێڕیدا هەبێت."
 
ئەم کتێبە دەبێتە 31ـەمین چاپ، پێشتر لە 29 وڵات بڵاوبووەتەوە؛ لە وڵاتانی ئەورووپی، ئەمریکای لاتین و ئاسیا. بە گوتەی زانیار جەبار، "چاپی عێراقیش چیرۆکی سەرکەوتنی 17 کۆمپانیای عێراقی و کوردیی تێدایە."
 
ئەو هاونووسەرە پێشیوایە، "لە بواری پەرەپێدانی بزنسدا هەرێمی کوردستان لەپێش عێراقەوەیە."
 
لەبارەی شێوازی دیاریکردنی کۆمپانیاکانیشەوە دەڵێت، "هەڵبژاردنی کۆمپانیاکە بە دوو قۆناخ دەبێت؛ ئەوان لە نێوخۆی عێراق لە رێگەی لیژنەیەکەوە و وەکو هاوبەشێکی دامەزراوەی "کۆتلەر ئیمپاکت" کۆمپانیاکان دیاری دەکەن؛ قۆناخی دووەم و هەڵبژاردنی کۆتاییش لە لایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی پێداچوونەوەی دامەزراوەکەوە بڕیاری لێدەدرێت."
 
تۆڕی میدیایی رووداو کە کۆمپانیایەکی میدیاییە و ئەمڕۆ 12ـەمین ساڵرۆژی دامەزراندنیەتی، وەک کۆمپانیایەکی سەرکەوتوو لە بوارەکەی خۆیدا، چیڕۆکەکەی لە کتێبەکەدا باسکراوە. 
 
زانیار جەبار دەڵێت، "رووداو دەستپێشخەرییەکی بوێرانەی میدیایی بوو؛ گۆڕانکاریی لە میدیای کوردیدا کرد و لە سفرەوە گەیشتە ئەو قۆناخەی لەسەر ئاستی جیهاندا بڕواپێکراو بێت".
 
کتێبەکە نرخەکەی 45 دۆلارە. 
 
خەڵاتی کۆتلەر، خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە لە بواری بازاڕ و بازرگانی و داهێناندا بەو کەس و کۆمپانیانە دەدرێت کە خاوەنی بیرۆکەی جیاوازن و کاریگەرییان هەیە لەسەر کۆمەڵگە و ئابووری وڵاتەکەیان، ئەمە یەکەمجاره خەڵاتی کۆتلەر لە عێراقدا بەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیا و دەزگادا دابەشبکرێت.