بەشێکی پارەی گەنمی جووتیارانی ئیلام دابەشکرا؛ 70٪ـی ماوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کەمتر لە 30%ـی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرجکراوە و بەدواداچوونەکانیان بۆ خەرجکردنی بەشەکەی دیکەی پارەکە بەردەوامە.
ئەمرۆ پێنجشەممە،29ـی ئایاری 2025، ئەسغەر باباخانی، بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 180 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
کۆی گشتیی پارەی گەنمەکە سێ تریلیۆن و 600 ملیار تمەنە( نزیکەی 44 ملیۆن دۆلار) و تاوەکو ئێستا کەمتر لە 30%ـی پارەکە، کە دەکاتە 971 ملیار تمەن خەرجکراوە و بەدواداچوونەکانیشیان بۆ خەرجکردنی هەموو پارەکەی دیکە، کە دەکاتە 70%ـی پارەکە، بەردەوامە.
ئەسغەر باباخانی دەڵێت: "بۆ ئەم ساڵ 22 سایلۆ و ناوەندی حکومی و 17 سایلۆ و ناوەندی سەر بە کەرتی تایبەت، بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادەن.
ئەم ساڵ لە رووبەری 155 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ئیلام گەنم چێندرا؛ 65 هەزار هێکتاری بەرئاو و 90 هەزار هێکتاری دێمی بوو.
پێشبینی دەکرێت، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە پارێزگای ئیلام لەنێوان 250 تاوەکو 280 هەزار تۆن بێت.
حکومەتی ئێران بڕیاریداوە، ئەم ساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن (نزیکەی 25 سەنت) لە جووتیاران بکڕێت. ساڵی رابڕدوو، حکومەت هەر کیلۆیەک گەنمی بە 17 هەزار و 500 تمەن (ئەو کات دەیکردە 24.5 سەنت و ئێستا دەکاتە 21 سەنت) لە جووتیاران کڕی.
بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ساڵی 2024 بەرهەمهێنانی گەنم لەو وڵاتە گەیشتە نزیکەی 15 ملیۆن تۆن و حکومەت زیاتر لە 12.5 ملیۆن تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕی.