وەزارەتی کشتوکاڵ: بەشێکی زۆری نیشانەکانی وشکەساڵی دەرکەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەشێکی زۆری نیشانەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتوون. دەشڵێت: "ئەم ساڵ نزیکەی 50%ـی بەرهەمی دانەوێڵە سەوز نەبووە."
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وشکەساڵیی سەرتاسەریمان نەبووە، بەڵام زۆربەی نیشانەکانی دەرکەوتوون؛ کە نیوەی بەرهەمی دانەوێڵە سەوز نەبووە، ئاوی ژێر زەوی، بەنداوەکان کەمی کردووە و بەشێک لە کانییەکان وشک بوون، ئەمانە گرنگترین ئەو نیشانەن و بەدیکراون."
بە گوتەی هیوا عەلی، ئەم بارانەی لە ماوەی رابردوو باری، هیچ سوودێکی بۆ بەرهەمی کشتوکاڵ و دانەوێڵەکان نەبوو، چونکە ئێستا کاتی دروێنەیانە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی هەن، کە شیاون بۆ دانەوێڵە، ساڵانە زۆرینەیان دەکرێنە گەنم و بەشێکیشی جۆی تێدا دەچێندرێت. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ئەم ساڵ نیوەی بەرهەمی دانەوێڵە سەوز نەبووە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرهەمیان بەراورد بە پار زۆر کەم بێتەوە."
لەبارەی رێگەی چارەسەرکردن و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، هیوا عەلی گوتی: "پێداچوونەوە بە بەرنامەی خاک و ئاودا دەکەین، ژمارەی بەنداوەکان زیاد دەکەین، هۆشداری زیاتر بە هاووڵاتییان و جووتیاران دەدرێت لەبارەی بەکارهێنانی ئاو، هەروەها رێگەی کشتوکاڵی زیرەک بەکاردەهێنین وەکو سیستمی دڵۆپاندن."
ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بارانی کەم باریوە، هەرچەندە هێشتا وەزارەتی کشتوکاڵ بە فەرمی وشکەساڵی رانەگەیاندووە.