پارێزگاری هەولێر: کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو تەواو دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەت خەڵکەوە. گوتیشی، ''لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوی گەڕەکەکانی بازنەی شەقامی 120 مەتری، دەخرێنە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە و کارەبای 24 کاژێرییان دەبێت.''
 
ئێوارەی چوارشەممە 29-05-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر رایگەیاند، ''قۆناخێکی باشی بڕیوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 75٪ـی پڕۆژەکە تەواوکراوە.''
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، ''بەشی یەکەمی کە 10 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین دەکات، لە سەرەتا یان نێوەڕاستی مانگی حەوت تەواو دەبێت و ئاو دەگەیێنێتە ماڵەکان.''
 
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە سێ مانگ دوای قۆناخی یەکەم، واتا لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵ تەواو دەکرێت و ئەوکاتە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بە تەواوی دەخرێتە خزمەت خەڵکەوە.
 
وەک ئومێد خۆشناو ئاماژەی دا، ''بۆ خێرا بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو، کۆمپانیایەکی دیکە کار لەسەر [رێکخستنەوەی] تۆڕەکانی نێوخۆیی ئاو دەکات کە ئەویش چاوەڕوان دەکرێت بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، هاوتەریب لەگەڵ قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە، لە سەرەتای مانگی حەوتدا تەواو بکرێت''.
 
پارێزگاری هەولێر بۆ سوودمەندبوون لە پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری دەڵێت، ''ئێمە هەولێرمان کردووەتە دوو بەش. 70٪ـی کێشەی ئاو لەو سنوورانەیە کە ئاوی پڕۆژەکانی ئیفراز یەک، دوو و سێ نایانگرێتەوە، بەڵکو سەرچاوەی دابینکردنی ئاویان، بیری گەڕەکەکانە. ئەو شوێنانە لە سەرەتای مانگی حەوت ئاوی پڕۆژەی فریاگوزارییان پێدەگات.''
 
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن، کە جگە لە کاریگەریی لەسەر ئاوی ژێرزەوی، کارەبایەکی زۆریان پێویستە.
 
ئومێد خۆشناو باسی لەوە کرد، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمیی ئاو لە هەولێر، کەمیی کارەبایە؛ ''نەبوونی کارەبای بەردەوام بۆ بیرەکان بووەتە هۆی ئەوەی کۆگەکانی ئاو پڕ نەبن، بەڵام پێنج یان شەش رۆژی دیکە، تەواوی ئەو گەڕەکانەی دەکەونە بازنەی شەقامی 120 مەتری، دەخرێنە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە و کارەبای 24 کاژێریان دەبێت.''
 
ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دابینکردنی بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار داوە، کە ''ملیارێک تایبەت دەبێت بە چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکانی ئاو، چاککردنەوەی بیرەکان و لێدانی بیری شوێنگرەوە؛ هەروەها 500 ملیۆن دیناریش تایبەت دەبێت بە دابینکردنی کارەبا [بیرەکان] لە رێگەی موەلیدەی گەڕەکەکانەوە.''
 
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت.
 
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، کە توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
 
لە درێژەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو لەبارەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، کە سوود لە سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک وەردەگرێت گوتی، تاوەکو ئێستا رێژەی کارکردن تێیدا 45٪ـە، چاوەڕوان دەکرێت بۆ هاوینی ساڵی داهاتوو ئەویش بخرێتە خزمەت خەڵکەوە.''