شارەوانیی بازیان: ئاژەڵی بەرەڵڵا بگرین نایدەینەوە خاوەنەکانیان

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی بازیان دەڵێت، "ئاژەڵی بەڕەڵڵا بوونەتە هۆی تێکدانی سەوزایی و ژینگە، ئەگەر جاری سێیەم بیانگرین، نایدەینەوە خاوەنەکانیان."
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، نەوزاد جەلال سەرۆکی شارەوانیی بازیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بەردەوام کارمان کردووە بۆ پاراستنی ژینگە و زیادکردنی رێژەی سەوزایی قەزای بازیان، بەڵام زیادبوونی ئاژەڵی بەرەڵڵا لەسەر شەقامەکان زیانی زۆری بە ژینگە، رووەک و سەوزایی گەیاندووە، بۆیە ئێمە هەوڵەکانمان بۆ گرتنی ئاژەڵەکان چڕ کردووەتەوە."
 
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی بازیان، "لە جاری یەکەم و دووەمدا، خاوەنی ئاژەڵە بەرەڵڵاکان بە پێبژاردن سزا دەدرێن کە لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 150 هەزار دینار، لە سێیەم و چوارەم جاردا ئەگەر بگیرێن نادرێنەوە خاوەنەکانیان، قایمقامیەتی ناوچەکە بڕیاری لەسەر دەدات."
 
وەک سەرۆکی شارەوانیی بازیان گوتی، ئەم ساڵ دەستیان بەسەر نزیکەی 20 مانگا و 70 مەڕ دا گرتووە.
 
سەرۆکی شارەوانیی بازیان باسی لەوەکرد، "ئەو گەوەڕانەی لەناو شاردان یاخود نزیکن دەیانڕووخێنن یاخود دەیانبەنە دەرەوە، چونکە هاووڵاتییان زۆر بێزارن و سکاڵایان هەیە."