پەکەکە کوژرانی سێ سەربازی تورکیا و سێ گەریلای لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە کوژرانی سێ سەربازی سوپای تورکیا و گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پەکەکەی لە رووبەڕووبوونەوەیەکیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023 لە راگەیێندراوێکدا ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا لە ناوچەی زاپ و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەختدا سێ سەرباز کوژران و سێ گەریلاش، کە دووانیان دوای برینداربوونیان بە سەختی، گیانیان لەدەستدا.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رووبەڕووبوونەوەکە کاژێر 13:30 خولەکی رۆژی 28ی حوزەیران روویداوە و گەریلاکانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد (یەژا ستار) ئەنجامیان داوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی 24ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان دوو گەریلای پەکەکەیان لە ناوچەی خواکوڕک کردووەتە ئامانج. لە ناوچەی زاپ-یش دەستبەسەر حەشارگەیەکی گەریلاکاندا گیراوە کە چەندین جۆر چەک و تەقەمەنیی لەخۆگرتووە.
 
جەخت لەوەش کراوەتەوە، لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، تۆپهاوێژ و فڕۆکە شەڕکەرەکانەوە، پێگەکانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی زاپ، مەتین، خواکوڕک، ئامێدی و ئاڤاشین بۆردوومان کراون.
 
بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیان لەدەستدانی 565 گەریلا و کوژرانی 88 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 932 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 340 گەریلای راگەیاندووە.