سەربڕخانەی سلێمانی: یەکەم رۆژی جەژن زیاتر لە 57 تۆن گۆشت رادەستی هاووڵاتییان کراوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی دەڵێت، لە رۆژی یەکەمی جەژندا زیاتر لە 57 تۆن گۆشتی تەندروست رادەستی هاووڵاتییان کراوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی دوو تۆن گۆشتی ناتەندروستیش دوای پشکنین رەتکراونەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 دکتۆر شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی لە دووەم رۆژی جەژندا بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی یەکەمی جەژن زیاتر لە 57 تۆن گۆشتی تەندروست لە کوشتارگەوە گەیشتووەتە دەستی هاووڵاتییان.
 
دکتۆر عارف شاڵاو باسی لەوەش کرد، هەر لە کوشتارگەکە، دوای پشکنینی ورد بۆ ئاژەڵان، تۆنێک و 750 کیلۆگرام گۆشت لەڕووی تەندروستی و بەهای خۆراکییەوە شیاو نەبووە و لەلایەن ستافی پزیشکییەوە دەستنیشان کراون و رەتکراونەتەوە.
 
وەک پەیامنێری رووداو ئاماژەیدا، ئەو گۆشتەی کە لەلایەن ستافی پزیشکییەوە رەتکراوەتەوە، دەسووتیندرێت، بۆئەوەی لەلایەن هیچ کەسێکەوە بەکارنەهێندرێن و تووشی زیان نەبن.
 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی گلەیی لە هاووڵاتییان دەکات کە لەسەر شەقامەکان و لە کۆڵانەکان ئاژەڵ بۆ قوربانی سەرنەبڕدرێن و دەشڵێت، "دڵنیام ئەو قوربانیکردنەی لەبەردەم ماڵەکان کراوە، رێژەیەکی زۆری لە گۆشتی ناتەندروستی تێدایە و لە داهاتوودا رەنگە هاووڵاتییان تووشی نەخۆشی بکات."
 
 
تائێستا لە هەرێمی کوردستان 11 تووشبووی تای خوێنبەربوون پشتڕاست کراونەتەوە، کە بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە، هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە رێگەی ئاژەڵ و گۆشتەکەیەوەیە.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، یەکەم کەس لە سۆران بوو، دووەم لە خەلیفان، سێیەم لە مێرگەسۆر، چوارەم لە سەنتەری شاری هەولێر و دوایین کەس لە کۆیە گیانی لەدەستدا، کە خەڵکی گوندی سماقووڵی بوو.
 
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رێنمایی دەرکردووە کە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ئاژەڵ لە سەربرخانەکان سەرببڕدرێن، بەڵام هەندێک لە هاووڵاتییان دەڵێن نرخی سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەکان زۆرە و هەر لە ماڵەوە قوربانییەکە دەکەن.  
 
دکتۆر شاڵاو عارف گرانبوونی نرخی قوربانی لە کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بۆ ئاژەڵێکی بچووک بە پارچە پارچەکردنی 16 هەزار دینار و بۆ ئاژەڵی گەورەش 50 هەزار دینار وەردەگرن.
 
هاوکات هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە رەنجە جەمال پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژی یەکەمی جەژندا، 243 ئاژەڵی گەورە و بچووک سەربڕدراون کە دوای پشکنینی ورد، 540 کیلۆ جەرگ، سپڵ و گۆشتی ناتەندروست رەتکراونەتەوە.