مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا بۆ حکومەت: لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دامەزراندنمان بکەنە مەرج
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا داوا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لەکاتی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا لەسەر نەوت، بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و دامەزراندنی بەشە پزیشکییەکان لەسەر عێراق بکەنە مەرج.
هیوا سەمەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، دەرفەتێکی زێڕینە کە داوا بکرێت وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت لە دامەزراندندا."
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا دەڵێت، دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت، "دەبێت حکومەتی عێراق جیاوازی نەکات لەنێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە دامەزراندن."
بە گوتەی هیوا سەمەد، "بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان، کە پارەی مووچەیان زیاتر لە 30 ملیار دینارە، لەسەر داهاتی نێوخۆ نامێنێت و ئەرکێکی گەورە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لادەچێت."
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی گرێبەست داوای لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لیژنەکانی حکومەتی عێراق دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و دەرچووانی بەشە پزشیکییەکان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی دەرچووانی عێراق بکەنە مەرج.
داواکانی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا لە کاتێکدایە، شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە هەولێرن و بڕیارە شاندی دیکە لە بەغداوە بۆ چارەسەری پرسی مووچە روو لە هەولێر بکەن.