سەرچاوەیەک بۆ رووداو: هەولێر و بەغدا نزیکن لە رێککەوتن و بە زووترین کات ئەنجامەکەی رادەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، کۆبوونەوەکانی شاندی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامن. دەشڵێت، "رێککەوتنی هەولێر و بەغدا گەیشتووەتە دوا قۆناخ."
رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندی ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە رێککەوتن نزیکن، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی نەوت و لەسەر پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوت، رێککەوتنەکە گەیشتووەتە دوا قۆناخەکانی و بە زووترین کات ئەنجامەکەی رادەگەیێنین".
شاندەکەی ھەرێمی کوردستان پێکھاتوون لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق.
لەبارەی کاتی ناردنی مووچە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، بڕیارە لەدوای رێککەوتنی ھەردوولا، مووچەی مانگی ئایار و چەند رۆژێک دواتریش مووچەی مانگی حوزەیران بنێردرێت. گوتیشی: "لیستی مووچە ئامادەیە، ھەر کاتێک پارەکە نێردرا، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە: "لە کۆبوونەوەکاندا عێراق ھەنگاوی ئەرێنی و باشی ھەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لەسەر پرسی نەوت بوون".
هاوکات هیڤیدار شەعبان، راوێژکاری دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای چەندین کۆبوونەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن بەم شێوەیە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە رەوانەکردنی %50ـی داهاتە نانەوتییەکان و تێکەڵکردنی گومرگەکان لەگەڵ دەستەی گومرگەکانی عێراق و بەکارهێنانی سیستەمی ئەسیکۆدا، هەروەها لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران".
بە گوتەی راوێژکارە داراییەکە: "ئەم رێککەوتنە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کاری پێدەکرێت".
هیڤیدار شەعبان گوتی: "لە 42 کاژێری داهاتوودا پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
ھەر ئەمڕۆ شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو گفتوگۆکانی شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام بوون، ئەمڕۆش درێژەیان ھەیە.
شێروان دووبەردانی دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار بدرێت".
رۆژی 2025-05-28 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد و تێیدا ھاتبوو، "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەھۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە".
رۆژی 2025-05-29 وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەکو وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داھاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت، نەک خەرجی کردەیی".
دوایین جار، 2025-05-13، مووچە خۆرانی ھەرێمی کوردستان مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت، نزیکەی دوو مانگە شایستەدارییەکانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە.